خالید عەزیزی: پەیوەندی کورد و تورکە ئازەرییەکان تایبەت دەبێت لە ئێرانی داهاتوودا

وتەبێژی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە چاوپێکەوتنێکی تایبەت لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا جەختی کردەوە لەوەی سیستەمی سیاسی "ئێرانی داهاتوو" دەبێت ڕەنگدانەوەی هەمەچەشنی ئەو وڵاتە بێت، وە گووتی دەبێت کورد و تورکە ئازەرییەکان پەیوەندییەکی تایبەتییان هەبێت لەگەڵ یەکتر.

خالید عەزیزی، وتەبێژی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کە ئێستا بە سەردانێک لە واشنتنە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "نەتەوەکانی ئێران پێگە و بارودۆخی تایبەت بە خۆیان هەیە. ئێمە وەک حزبی دیموکرات دەمێکە لەگەڵ حزبەکانی لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئێران پەیوەندیمان هەیە و لە هەندێک کۆڕ و کۆمەڵدا بەیەکەوە هاوکاریشمان هەیە."

خالید عەزیزی ڕایگەیاند، "هەمیشە لە کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە ئێرانییەکان دەڵێین ئێران وڵاتێکی فرە چەشن و نەتەوە و ئاینە و خاوەنی جۆراوجۆری ئاراستەی سیاسییە. ئەمە دەمانگەیەنێتە ئەو تێگەیشتنەی کە ئێرانی داهاتوو ئێرانێکی دیکتاتۆری پاوانخواز نابێت.

ئێرانێک کە لەوێدا بەشداری هەموو لایەنێک بەیەکەوە دەتوانێت وڵاتەکە بەڕێوەبەرێت. بۆیە، ئەمە لە ڕووی دەروونییەوە ئامادەیی دروستدەکات و لە ڕووی مەیدانیش بەرپرسیارییەت دروستدەکات."

سەبارەت بە پەیوەندی کورد لەگەڵ نەتەوە و پێکهاتەکانی تری ئێراندا، وتەبێژی حزبی دیموکراتی جەختی کردەوە لە گرنگیدان بە پەیوەندی لەگەڵ هەموو پێکهاتەکان، "بەڵام لەو نێوەندەدا پەیوەندی کورد و تورک لە ئێراندا گرنگە."

خالید عەزیزی بە دەنگی ئەمەریکای گوت، "ئێمە شاری هاوبەشمان هەیە لەگەڵ تورکە ئازەرییەکان، سنوری هاوبەشمان هەیە لەگەڵیان. لەپاڵ ئەوەی بە چاوێکی هەمەلایەنە سەیری هەموو ئێران دەکەین، دەبێت بە چاوێکی تایبەت سەیری چەند و چۆنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکە ئازەرییەکان بکەین."

بە گوێرەی ئامارە بەردەستەکان، ڕێژەی دانیشتوانی ئێران نزیکەی 92 بۆ 93 ملیۆن کەسە. فارسەکان و ئازەری و کوردەکان زۆرترین ژمارەی دانیشتوان پێکدەهێنن.

هەرچەندە ئامارێکی ورد و دروست لەسەر ڕێژەی پێکهاتەکان لەبەردەست نییە، بەڵام داتا نێودەوڵەتییەکان مەزندە دەکەن ژمارەی فارسەکان شیانی هەیە 50٪ تێپەڕێنێت، لە کاتێکدا ئازەرییەکان لە نێوان 16 بۆ 24٪ و کورد 10 بۆ 17٪ی کۆی دانیشتوانی ئێران پێکدەهێنن.

وتەبێژی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ئاماژەی دا بە پەیوەندی نێوان کورد و ئازەرییەکان، کە وەک خۆی دەڵێ "مێژوویی" بووە.

خالید عەزیزی ڕایگەیاند، "لە سەردەمی کۆماری کوردستان و کۆماری ئازەربایجاندا، پێشەوا قازی سەرۆکی کۆماری کوردستان لەگەڵ پێشەوەری ئازەربایجان ڕێککەوتنێکیان هەبوو. کە کێشە ڕوویدەدا، لەگەڵ یەکتر دادەنیشتن و گفتوگۆیان دەکرد."

گوتیشی، "حزبی دیموکراتیش هەمەیشە بەدوای ئەوەدا گەڕاوە گفتوگۆی لەگەڵ تورکە ئازەرییەکاندا هەبێت. بۆیە لە چوارچێوەی بەردەوامی ئەو سیاسەتەدا، لەدەرەوە ئێمە دانیشتنمان لەگەڵ ئازەرییەکان هەبووە، وە لە ناوخۆی وڵات بە چالاکوانە مەدەنییەکانی کورد و تورکمان گوتووە پەیوەندییان لەگەڵ یەکتر خۆش بێت، چونکە پێمان وایە ئەگەر لەیەکترتێنەگەیشتنیش هەبێت، ڕێگاکەی هەر ئەوەی گفتوگۆ بکەین لەگەڵ یەکتر."

لە دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی 'تووڕەیی ئەفسانەیی' ئەمەریکا، پرسی داهاتووی ئێران بووەتە بابەتێکی گرنگی مشتومڕی ناوەندە ئێرانی و جیهانییەکان.

سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ و بەرپرسانی ئیدارەکەی بە ڕوونی ئەوەیان ڕاگەیاندووە کە ئەمەریکا لە پرۆسەکەدا ئامانجی نیشتیمانسازی و دیاریکردنی سیستەمی داهاتووی ئێران نییە.

سەرۆک ترامپ دەڵێت داهاتووی ئێران دەبێت لەلایەن خەڵکەکەیەوە دیاریبکرێت، وە بە هیوایە ڕژێمێک هەبێت کە شکۆ و ئارامی و خۆشگوزەرانی بەگەڕێنێتەوە بۆ خەلکانی ئێران.

سەرۆک ترامپ هەروەها ڕایگەیاندووە پێی وایە وا باشترە سەرکردەی قۆناغی داهاتوو لە ناوخۆی ئێرانەوە بێت و خۆشەویست بێت لای خەڵک، نەک لە دەرەوە بێت و جێگەی مشتومڕ بێت.