لە حەوتەمین ڕۆژی گرژیی و ئاڵۆزی ناوچەکە و هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر وڵاتانی عەرەبی و دراوسێ، وەزارەتی بەرگریی سعودیە ڕایگەیاند هێزەکانی ڕێگریان لە سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ڕیاز کردووە و لەناویان بردوون.
هەتا ئێستا وردەکاری زیاتر لەبارەی سەرچاوەی هەڵدانی ئەو مووشەکە خۆکوژییانە ڕانەگەیەندراوە.
لە لایەکی دیکەوە قەتەر بەردەوامبوونی خۆی لە ڕێگریکردن و لەناوبردنی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئاسمانی خۆیدا ڕاگەیاندووە.
وەزارەتی بەرگری قەتەر لە بەیاننامەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، ڕێگری لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردووە کە بۆ سەر بنکەی ئاسمانی ئەلعودەید لە باشووری ڕۆژئاوای وڵات ئەنجامدرابوو.
هەروەها وەزارەتی ناوخۆی قەتەر دانیشتوانی بیناکانی دەوروبەری باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای چۆڵکردووە، ئەمەش بە مەبەستی دابینکردنی ئاسایشی زیاتر بۆ هاووڵاتیانی مەدەنی.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی سەدان مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاڕاستەی وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی دیکەی دراوسێی، لەوان تورکیا و ئازەربایجان، کردووە.
شەپۆلی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە ژیانی زۆرێک لە هاووڵاتیانی ئاسایی خستووەتە مەترسییەوە.