بەهۆی هێرشی درۆنییەوە دەرهێنانی نەوت لە دوو بیرەنەوتی هەرێمی کوردستان ڕاگیرا

بەهۆی هێرشی درۆنییەوە لە پارێزگای دهۆک، کارکردن ڕاگیرا لە دوو بیرەنەوتی هەرێمی کوردستان کە پێشتر ڕۆژانە نزیکەی 60 هەزار بەرمیل نەوتیان بەرهەمدەهێنا.

کۆمپانیای ئەمەریکایی ئێج کەی ئێن ئینێرژی بەتەواوەتی پرۆسەی دەرهێنانی نەوتی لە بیرەنەوتی سەرسەنگ ڕاگرت، دوای ئەوەی بیرەنەوتەکە لە ڕێگەی درۆنەوە کرایە ئامانج.

کۆمپانیای شاماران دەڵێت بەهەمان شێوە دەرگای بیرەنەوتی ئەتروشیش داخراوە.

بیرەنەوتی سەرسەنگ و ئەتروش دەکەونە پارێزگای دهۆک و هەریەکێکیان ڕۆژانە نزیکەی 30 هەزار بەرمیل نەوتیان بەرهەم دەهێناوە.

هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی ئەو هێرشە درۆنییەی نەگرتووەتە ئەستۆ کە پێنجشەممە کرایە سەر بیرەنەوتەکە، بەڵام هەرێمی کوردستان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەردەوام لەلایەن ئێران و بیریکارەکانی لە عێراق کراوەتە ئامانج.

لایەنە بەرپرسەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن بۆ خەمڵاندنی زیانەکان. بەڵام کۆمپانیای شاماران کە کۆمپانیایەکی کەنەداییە و بە ڕێژەی 18٪ پشکی لە سەرسەنگ هەیە، لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.

کۆمپانیاکە ڕایگەیاند، "کارکردن لە بیرەنەوتەکەدا ڕاگیراوە هەتا ئەو کاتەی شوێنەکە پارێزراو دەبێت و هەڵسەنگاندنێکی تەواوی بۆ دەکرێت. هەروەها بەرهەمهێنان لە بیرەنەوتی ئەتروش وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی وەستاوە."

ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە گەرووی هورمز بەهۆی ئاڵۆزی ناوچەکەوە لە شەممەی ڕابردووەوە داخراوە.

سەرەتای ئەم هەفتەیە بەرپرسانی نەوتی عێراق ڕاگەیاند بەرهەمهێنانی نەوتی ڕۆژانەیان بە ڕێژەی نزیکەی ملیۆنێک و 500 هەزار بەرمیل کەمکردووەتەوە لە ڕۆژێکدا. هەروەها ئاماژەیان دا ڕەنگە لەماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەم کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانە بگاتە سێ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، چونکە عێراق توانای عەمبارکردنی ناوخۆیی نامێنێت.