وەزیری بەرگری ئیسرائیل: بڕیاری کوشتنی خامنەیی پێنج مانگ پێش ئێستا درا

ئیسڕائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند ئیسرائیل بڕیاری کوشتنی عەلی خامنەیی ڕابەری باڵای ئێرانی لە مانگی یازدەی ساڵی ڕابردوودا داوە و بەنیاز بووە دوای نزیکەی شەش مانگ ئۆپەراسیۆنەکە ئەنجام بدات.

وەزیری بەرگری ئیسرائیل بە کەناڵی 12ی وڵاتەکەی ڕاگەیاند، "هەر لە مانگی یازدەدا لەگەڵ سەرۆک وەزیران لە کۆڕێکدا کۆبووینەوە و سەرۆک وەزیران [بنیامین ناتانیاهۆ] پلانی نەهێشتنی خامنەیی دانا."

ئاماژەی بەوەشکرد کە کاتی دیاریکراو بۆ ئەو مەبەستە ناوەڕاستی ساڵی 2026 دانرابوو.

کاتز ڕایگەیاندووە، "دواجار ئەو پلانە لەگەڵ واشنتن باس کرا و لە دەوروبەری مانگی یەک دوای ئەوەی ناڕەزایەتییەکان ئێران سەریان هەڵدا، هێنرایە پێشەوە."

عەلی خامنەیی لە سەعاتەکانی یەکەمی هێرشە ئاسمانییە هاوبەشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل کە لە ڕۆژی شەممەوە دەستی پێکرد، لەگەڵ ژمارەیەک لە فەرماندە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی کوژرا.

بە گوتەی کاتز دواتر دوای دەستپێکردنی ناڕەزایەتییە بەرفراوانەکان لە ئێران پلانی کوشتنەکەی خامنەیی خرایە پێشەوە، چونکە ئیسرائیل نیگەران بوو لەوەی بەرپرسانی ئێران هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.