وەزیری جەنگی ئەمەریکا لە بارەگای فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی ئێران قسەی کرد.
لە بەشێکی قسەکانیدا پیت هێگسێت وتی "ئێران هیوادارە نەتوانین بە هەمان هێز درێژە بەو ئۆپەراسیۆنە بدەین."
وەزیری جەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە ئێرانییەکان لەم پێوەندییەدا "حیساباتی هەڵە"یان کردووە؛ چونکە "ئێمە کەمی چەک و تەقەمەنیمان نییە و لە ڕاستیدا قۆناغەکانی داهاتووی ئۆپەراسیۆنەکە زۆر بەهێزتر دەبن."
پیت هێگسێت جەختی لەوە کردەوە کە "خشتەی ئەم ئۆپەراسیۆنە تەنیا لە دەستی ئەمریکادایە."
لە هەمان کاتدا ژەنەڕاڵ براد کوپەر، فەرماندەی سێنتکۆم, هاوکاتی ڕاگەیاندنی تێکشاندنی کەشتییەکی هەڵگری فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا، جەختی لەوە کردەوە کە توانای هێرشی مووشەکیی کۆماری ئیسلامی بە بەراورد بە ڕۆژی یەکەمی شەڕ بە ڕێژەی لە سەدا 90 کەمی کردووە.
ژەنەڕاڵ کوپەر جەختی لەوە کردەوە کە لە قۆناغی داهاتووی ئۆپەراسیۆنەکەدا "توانای بەرهەمهێنانی مووشەکی ئێران لەناو دەچێت."
پیت هێگسێت، وەزیری جەنگ ، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە لێدوانەکانی ئەم دواییەی دۆناڵد ترامپ سەبارەت بە "ڕۆڵگێڕانی ئەمەریکا لە هەڵبژاردنی ڕێبەری داهاتووی ئێران، وتی ئەمەریکا بەدوای فراوانکردنی ئامانجە سەربازییەکانی لە ئێراندا نییە.
وەزیری جەنگ وتیشی "ئێران بە هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێی وەک ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، قەتەر، کوەیت و سعودیە، بە شێوەیەکی کاریگەر ئەوان لێمان نزیک دەکاتەوە و لە ئیستادا ئەو وڵاتەنە پرسیار دەکەن کە چۆن دەتوانین شانبەشانی ئەمەریکا بەرگری لە خۆمان بکەین."