فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، هەواڵی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی ئەمەریکایی لە ئێران ڕاست نییە.
سێنتکۆم ڕۆژی پێنجشەممە لە پلاتفۆرمی ئێکسی خۆیدا ڕایگەیاند "ئەو دەنگۆیانەی لە سۆشیال میدیادا بڵاوبوونەتەوە سەبارەت بە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی جۆری ئێف F-15E ئەمەریکایی لە ئێران لە سەرەتای ڕۆژی چوارشەممەدا، بێ بنەما و نادروستن."
هەواڵی ساختەی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەی جۆری F-15E لە هەندێک پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا بڵاوکرایەوە و بانگەشەی ئەوە کرابوو کە فڕۆکە جەنگییەکە لەکاتی ئەرکێکدا لە باشووری ڕۆژئاوای ئێران کەوتۆتە خوارەوە.
هەر ئەمڕۆ سێنتکۆم ڤیدیۆیەکی تریشی بڵاو کردووەتەوە کە تیایدا نیشانی دەدات چۆن هێزی ئاسمانی ئەمەریکا ئامانجەکانی ناو ئێران دەپێکێت.
سینتکۆم دەڵێت "توانایی ڕژێمی ئێران بۆ کاریگەریی کردنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا و هاوبەشە هەرێمییەکان بە خێرایی دادەبەزێت، لە کاتێکدا هێزی شەڕکردنی ئەمەریکا بە بەردەوامی پتەوتر دەبێت."
لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، هەواڵی ساختە زۆر لە بارەی شەڕەکەوە بڵاوبوونەوە. سێنتکۆم بەردەوام و بە خێرایی خەریکی پووچەڵکردنەوەی ئەو جۆرە هەواڵە درۆیانە بووە.