وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمەریکا ستایشی ئۆپەراسیۆنی 'تووڕەیی ئەفسانەیی' بۆ سەر ئێران کرد و داوای لە ئیدارەی دۆناڵد ترامپ کرد بۆ هەمیشە "چارەی" کێشەی ئێران بکات لە بری ڕازیبوون بە لاوازکردنێکی کاتیی.
کۆندۆلیزا رایس لە کاتی شەڕی دەژ بە عێراق لە ئیدارەی سەرۆک جۆرج دەبڵیو بوشدا ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی و وەزیری دەرەوە بوو.
سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی دژ بە ڕژێمی ئێران بە فۆکس نیوزی ڕاگەیاند، "ئێران لانیکەم 47 ساڵە لەگەڵ ئێمە لە شەڕدایە... ئەگەر لەخەڵک بپرسیت سەرچاوەی زۆرێک لە قوربانییەکانمان لە عێراق چی بووە؟ بۆت دەردەکەوێت مەزەندەی 75 یان 80%ی ئەو قوربانیانەمان بەهۆی بۆمبی سەر ڕێگای دروستکراوی ئێران بووە."
کۆندۆلیزا رایس ئاماژەی دا بە قەیرانی 4ی یازدەی ساڵی 1979 کە تێیدا زیاتر لە 50 ئەمەریکایی لە ئەندامانی دیپلۆماتی و هاوڵاتیانی تر بۆ ماوەی چوار سەد و 44 ڕۆژ لەلایەن ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە بارمتە گیران.
هەروەها ئەوەی وەبیر هێنایەوە کە لە سەرەتای ساڵانی هەشتاکان ڕژێمی ئێران بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 300 سەربازی ئەمەریکا لە لوبنان.
ڕایگەیاند، "ئەو گوتارەی دەڵێت کە ئەم ڕژێمە هەڕەشە نەبووە، بانگەشەیەکی نامێژووییە...ئەوان ماوەیەکی زۆرە هەڕەشەن."
ڕایس جەختی کردەوە، "ئەوان لە بنەڕەتدا، لەم ساتەدا، بەرگرییان نەماوە. بەڵام بۆ هەمیشە بێ بەرگری نابن، بۆیە بڕیارەکە ئەوەیە کە بەڕاستی، لەم ساتەدا، چارەی بکەین و وایان لێبکەین چی تر نەتوانن ئەو چالاکیانە ئەنجام بدەن."
پڕچەککردنی کورد
سەبارەت بە پرسی کارکردن لەگەڵ حزبە کوردییەکان بۆ ئەنجامدانی کردەی سەربازی زەوینی، ڕایس ڕایگەیاند هەنگاوێکی وەها دەبێت بە لەبەرچاوگرتنی فرەچەشنی پێکهاتەی خەڵکانی ئێران بێت.
گوتی، "ڕەنگە پێویست بکات وریابین لە هەڵسەنگاندنەکانمان دەربارەی ئەوەی مەبەستمان چییە لە چالاکی کوردەکان. ئایا باسی چالاکی سەربەخۆی کورد دەکەین، یان بە جۆرێک لە جۆرەکان بە هەماهەنگییە؟ دواتر زانیاریمان لەسەر ئەو پرسیارە دەستدەکەوێت، بەڵام ئاماژەیە بە ئاڵۆزی دیموگرافی ئێران."
ڕایگەیاند، "دەبێت ئەوەمان لەبەرچاو بێت کە دانیشتوانی ئێران ژمارەیەکی گەورەی ئازەری پێکدەهێنێت، ژمارەیەکی گەورەی کورد لەخۆدەگرێت. هەموو خەلکانی ئێران خراپ مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە لەلایەن ڕژێمەکەیانەوە، بەڵام چەوساندنەوەیەکی زۆری ئەو کۆمەڵە نەتەوانە کراوە."
گوتیشی، "دەبێت ئاگاداری ئەوە بین کە ئێران وڵاتێکی یەکچەشن نییە و هەروەها خاوەن 90 ملیۆن دانیشتوانە لە دەوڵەتێکدا کە دوو ئەوەندەی ویلایەتی تەکساسە. بۆیە لە ئێستاوە ژینگە و دۆخێکی ئاڵۆزدەبێت کە دێتە پێشەوە."