هاووڵاتییەکی پاکستانی کە تۆمەتبارە بە پیلانگێڕی بۆ تیرۆرکردنی دۆناڵد ترامپ، ڕۆژی چوارشەممە بە دادگای ڕایگەیاند ئەو خۆبەخشانە و بە ویستی خۆی هاوکاری سوپای پاسدارانی ئێرانی نەکردووە.
بەپێی هەواڵی میدیاکان، لەوانە ئاژانسی ڕۆیتەرز، وەزارەتی دادی ئەمەریکا هەستاوە بە تۆمەتبارکردنی ئاسیف مێرچەنت بەوەی کە هەوڵی دامەزراندنی خەڵکی داوە لەنێو ئەمەریکا بۆ جێبەجێکردنی پیلانێک کە ترامپ و سیاسەتمەدارانی دیکەی ئەمەریکا بکرێنە ئامانج لە تۆڵەی کوشتنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی باڵای سوپای قودسی سوپای پاسداران.
مێرچەنت لە قسەکانی خۆیدا کە لەلایەن ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزەوە بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت، "من نەمدەویست بە ئارەزووی خۆم ئەم کارە بکەم".
ناوبراو بانگەشەی ئەوەی کردووە کە بۆ پاراستنی بنەماڵەکەی لە تاران ناچار بووە لەگەڵ سوپای پاسداران هاوکاری بکات، بەڵام داواکارانی گشتی بانگەشەکانی ناوبراویان ڕەتکردووەتەوە.
بە گوێرەی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، مێرچەنت بانگەشەی ئەوەی کردووە کە هەرگیز ئەرکی کوشتنی کەسێکی دیاریکراوی پێ نەدراوە، بەڵام بەرپرسە ئێرانییەکەی لە کاتی گفتوگۆکانیان لە تاران ناوی سێ کەسی هێناوە.
بەم پێیە، جگە لە دۆناڵد ترامپ، ناوی جۆو بایدن سەرۆکی ئەوکاتی ئەمەریکا و نیکی هێڵی کە بەنیازی بوو لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی2024 خۆی وەک نوێنەری کۆمارییەکان کاندید بکات، ئاماژەیان پێکراوە.
دادگاییکردنی ئاسیف مێرچەنت هەفتەی ڕابردوو دەستیپێکرد، کەمێک پێش ئەوەی دۆناڵد ترامپ فەرمانی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئێران دەربکات. هێرشەکان بە بەشداریی ئیسرائیل، عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی ئێران و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای حکومەتیان کوشت.
دۆناڵد ترامپ ڕۆژی یەکشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەی بی سی نیوز ئاماژەی بە پیلانێکی ئێرانی کرد بۆ کوشتنی و وتی، "پێش ئەوەی ئەو دەستی بگاتە من، من ئەوم کوشت."