حکومەتی هەرێم سەرکۆنەی هێرشەکانی ڕژێمی ئێران و بریکارەکانی دەکات

حکومەتی هەرێمی کوردستان هێرشەکانی ئەم دواییەی بۆ سەر هەرێمەکەی، کە لەلایەن ئێران و گرووپە شیعە لادەرەکانی عێراقەوە ئەنجامدراون، سەرکۆنە دەکات و دەڵێت پێشێلکاری سیستمی نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤن و لادانێکی مەترسیدارن لە یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی.

دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند، "سەرکۆنەی ئەو گرژییە ئەمنییە مەترسیدارانە دەکەین کە لە دوای ڕووداوەکانی 28ی دووی 2026، هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی پارێزگای هەولێریان گرتووەتەوە."

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان جەختی کردەوە کە ئەو هێرشە ئاسمانییانەی لە ڕێگەی درۆن و موشەکی هەڕەمەکییەوە ئەنجام دراون و دامەزراوەکان و شوێنی نیشتەجێی هاووڵاتیانی سڤیلیان کردووەتە ئامانج. دەڵێت هەوڵێکی ئاشکران بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم و لێدان لە پێکەوەژیانی ئاشتییانە.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوەی ڕوویداوە پێشێلکردنی زەقی بنەما، ڕێککەوتننامە و پەیماننامەکانی مافی مرۆڤ و یاسای مرۆیی نێودەوڵەتییە.

دەڵێت، "ئەم پێشێلکارییانە مافە شارستانی، سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی هاووڵاتیانی هەرێم تێک دەدەن و ئەو ژینگە گەشەپێدانە وێران دەکەن کە هەرێم هەوڵی بونیادنانی دەدات."

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕژێمی ئێران بە ڕێگەی مووشەک و درۆن هێرشی کردووەتە سەر چەندین وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئێران دەڵێت هێرشەکانی دژی ئامانجەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیلن، بەڵام ڕژێمی تاران دەیان شوێنی مەدەنی وێران کردووە و ئاسایشی ناوچەکەی خستووەتە مەترسییەوە.

لە هەرێمی کوردستان، جگە لە هێرشە ڕاستەوخۆکانی ڕژێمی ئێران، بریکارەکانی لە حەشدی شەعبیش بەردەوام بوون لە پشێوی نانەوە.

بەرپرسانی حکومەتی ئەمەریکا پێشتر چەندین جار حکومەتی عێراقیان ئاگادارکردووەتەوە لەوەی پێویستە سنورێک بۆ لەیاسادەرچوونی گرووپە شیعە توندڕەوەکانی سەر بە ئێران دابنێت.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم دەڵێت، "ئەم هێرشانە زنجیرەیەک پێشێلکاریی کەڵەکەبووی دژی مافەکانی مرۆڤن و 'مافی گەشەپێدان' لە ڕێگەی پەکخستنی پڕۆژە زیندووەکان و تێکدانی ئەو سەقامگیرییە ئەمنییە دەکەنە ئامانج کە یارمەتیدەر بووە لە ڕاکێشانی وەبەرهێنان."

هۆشداریشی دا لەوەی کە نەبوونی لێپرسینەوە لەو لایەنانەی بەرپرسیارێتیی هێرشەکان دەگرنە ئەستۆ، ڕێگە بۆ پێشێلکاریی زیاتر خۆش دەکات کە هەڕەشە لە ئاشتی و ئاسایشی هەرێمی دەکات.

بۆیە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەتایبەتی ئەنجومەنی مافی مرۆڤ کرد، کە "هەڵوێستێکی توند و بەرپرسانە" بەرامبەر بەم پێشێلکارییانە بگرنە بەر.