وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی ئاڵۆزییەکانی پەیوەست بە ئێرانەوە، زیاتر لە نۆ هەزار هاووڵاتی ئەمەریکایی ئەو ناوچەیەیان بەجێهێشتووە و بە سەلامەتی گەڕاونەتەوە بۆ وڵات.
لەو ژمارەی هاووڵاتیانە، زیاتر لە 300 کەسیان لە ئیسرائیلەوە گەڕاونەتەوە بۆ ئەمەریکا.
وەزارەتی دەرەوە دەڵێت هاوکاری هاووڵاتیانی ئەمەریکا دەکات بۆ بەجێهێشتنی ئیمارات و سعودییە و عومان و میسر، بۆ ئەوەی بتوانن بلیتی فڕۆکەوانی ببڕن و بە سەلامەتی ئەو ناوچەیە چۆڵبکەن.
هاووڵاتیانی ئەمەریکایی پێویست ناکات تێچووی خەرجی گەشتەکان بۆ حکومەت بگەڕێننەوە.
وەزارەتی دەرەوە ڕایگەیاند، لەو وڵاتانەی کە گەشتە ئاسمانییەکانیان تێدا وەستاوە، وەزارەتەکە یارمەتیی هاووڵاتیانی دەدات گەشت بکەن بۆ وڵاتی سێهەم بۆ ئەوەی لەوێوە بگەڕێنەوە بۆ ئەمەریکا.
وەزارەتەکە ئاماژە دەکات کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا نزیکەی سێ هەزار هاووڵاتی ئەمەریکایی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیوەندی تەلەفۆنییان کردووە.
ڕۆژی سێشەممە وەزارەتی دەرەوە داوای کرد هاووڵاتیانی ئەمەریکایی لە چواردە وڵات بگەڕێنەوە بۆ ئەمەریکا بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئاسایشی ناوچەکە. ئەم وڵاتانە بریتین لە بەحڕەین، میسڕ، ئێران، عێراق، ئیسرائیل بە کەناری ڕۆژئاوا و غەززەوە، ئوردن، کوەیت، لوبنان، عومان، قەتەر، سعودییە، سوریا، ئیمارات، وە یەمەن.
یاریدەدەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا مۆرا نامدار ڕایگەیاند، "وەزیر مارکۆ ڕوبیۆ و وەزارەتی دەرەوە هانی ئەمەریکاییەکان دەدات بۆ ئەوەی دەستبەجێ ئەو وڵاتانە بەجێبهێڵن لە ڕێگەی گەشتی بازرگانی."
مۆرا نامدار ئاماژەی دا کە ئاگادارکردنەوەکە بەهۆی هەبوونی "مەترسی جدیی ئاسایشییە."