کاتز: هەر سەرکردەیەک لەلایەن ڕێژێمی ئێرانەوە دەستنیشان بکرێت، دەکرێتە ئامانج

ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە گوتی هەر سەرکردەیەک کە لە لایەن ڕژێمی ئێستای ئێرانەوە بۆ درێژەدان و سەرکردایەتیکردنی پلانی لەناوبردنی ئیسرائیل و هەڕەشەکردن لە ئەمەریکا و جیهانی ئازاد و وڵاتانی ناوچەکە و سەرکوتکردنی خەڵکی ئێران دەستنیشان بکرێت، ئەوا بە بێ دوو دڵی دەبێتە ئامانجی هێزەکانی ئیسرائیل و لەناوی دەبەن.

کاتز لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی، "گرنگ نییە ناوی چییە، یان لە کوێ خۆی حەشارداوە، ئێمە لەگەڵ ئەمەریکا بەردەوام دەبین لە هەنگاونان بۆ تێکشکاندنی تواناکانی ڕێژێم و ڕێگەدان بە خەڵکی ئێران بۆ ڕووخاندنی."

وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە درێژەی نووسینەکەیدا دەڵێت، "من و سەرۆک وەزیران فەرمانمان بە سوپای وڵاتەکەمان کردووە کە خۆی ئامادە بکات و بە هەموو توانای خۆیەوە کار بکات بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەرکە وەک بەشێکی دانەبڕاو لە ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنی نەڕەی شێر."