قەتەر: بنکەی ئەلعودەید دەکرێتە ئامانج؛ دوو شانەی سیخوڕی ئێران دەستگیر دەکرێن

ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ لە ڕاپۆرتێکدا بە پشتبەستن بە ئاژانسی هەواڵی دەوڵەتی قەتەر بڵاویکردووەتەوە کە دەزگا ئەمنییەکانی قەتەر دوو شانەی کارمەندانی سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامییان دەستبەسەر کردووە.

بەرپرسێکی قەتەری ڕایگەیاندووە داوا لە گروپێکیان کراوە کاری تێکدەرانە ئەنجام بدات و ئەوی دیکەش داوای لێکراوە سیخوڕی بکات.

هاوکات وەزارەتی بەرگری قەتەر ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند مووشەکێکی بالیستیک کە لە ئێرانەوە ئاراستە کراوە، بەر بنکەی ئاسمانی ئەلعودەید لە قەتەر کەوتووە کە گەورەترین بنکەی سەربازی ئەمەریکایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە دوو مووشەکی بالیستیک لە ئێرانەوە بەرەو قەتەر ئاراستەکراون کە سیستمی بەرگری ئاسمانی یەکێک لە مووشەکەکانیان تێکشکاندووە، بەڵام مووشەکی دووەم بەر بنکەی ئاسمانی ئەلعودەیدی قەتەر کەوتووە و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

وەزارەتی بەرگری قەتەر وردەکاری لەبارەی شوێنی مووشەکەکە و ڕادەی ئەگەری زیانەکانی نەخستوەتەڕوو.

بنکەی ئاسمانی ئەلعودەید کە هێزەکانی قەتەر و بەریتانیاش بەکاری دەهێنن، دەکەوێتە دەرەوەی دۆحە.

ئێران پێشتر ساڵی ڕابردووش ئەو بنکەیەی کردبووە ئامانج لە وەڵامی بۆردومانەکانی ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی.