سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا مایک جۆنسن باسی لە قۆناغی دوای ڕژێمی ئێران کرد و ڕایگەیاند کاتی ئەوە هاتووە خەڵکی ئێران بێنە پێشەوە و ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە بۆ دیاریکردنی چارەنوسی خۆیان، چونکە "ئێمە توانای ئەوەمان نییە بکەوینە ناو ئیشی نەتەوەسازی، ئێمە هێزی پۆلیسی جیهان نین، ئەمەریکا کێشەی خۆی هەیە."
ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە ئۆپەراسیۆنی ئەمەریکا دژ بە ڕژێمی ئێران دەچێتە ڕۆژی پێنجەمی خۆی. فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند لەئۆپەراسیۆنەکەدا زیاتر لە 50 هەزار سەرباز و 200 فڕۆکەی جەنگی و دوو فڕۆکە هەڵگر و بۆمبهاوێژ لە ئەمەریکاوە بەشدارن، هەروەها کەرەستەی زیاتریش لە ڕێگادایە.
سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ئاماژەی دا کە هێشتا کەس ناتوانێت دڵنیایی بدات لەوەی "ئەمە چۆن تەواو دەبێت،" بەتایبەت لە کاتێکدا هێزەکانی ئەمەریکا "چەندین چین" لە دەستەڵاتدارانی رژێمی ئێرانیان لەناوبردووە.
مایک جۆنسن ڕایگەیاند، "کاتی ئەوە هاتووە خەڵکی ئێران بێنە پێشەوە و ئەم هەلە بقۆزنەوە کە ماوەیەکی درێژە چاوەڕوانی بوون، بۆ ئەوەی ئازادییان لەوێ هەبێت."
جەختی کردەوە، "ئێمە هانی ئەوە دەدەین، هیوای بۆ دەخوازین."
سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ئاماژەی کرد هاوپەیمانانی ئەمەریکا لە ناتۆ و تەواوی جیهان چاودێری ڕەوشەکە دەکەن و بە هیواوە هانی ئێرانییەکان دەدەن و ئامادەی هاوکارین ئەگەر پێویست بکات.
سەبارەت بە ڕۆڵی ئەمەریکا، ڕایگەیاند، "ئێمە توانای ئەوەمان نییە بکەوینە ناو ئیشی نەتەوەسازییەوە. ئێمە ئەوە ناکەین. ئێمە هێزی پۆلیسی جیهان نین. ئەمەریکا کێشەی خۆی هەیە."
مایک جۆنسن گوتیشی، "پێم وایە ئەمە پێشهاتێکی زۆر گرنگە بۆ خەڵکی ئەوێ کە لەسەر پێیەکانی خۆیان بووەستن و ئەم هەلە بقۆزنەوە. ئێمە هیواخوازین و نزا دەکەین کە ئەمە بکەن و هیچ کەسی تری بێتاوان نەکوژرێت."