ترامپ: ئەڵمانیا لە هێرشەکانی بۆ سەر ئێران هاوکاری ئەمەریکا دەکات

دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە 3ی مانگی سێ لە میانی دیدارێکدا لەگەڵ فریدریش مێرتز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، لە کۆشکی سپی ڕایگەیاند کە بەرلین بە ڕێگەدان بە هێزەکانی ئەمەریکا بۆ گەیشتن بە هەندێک بنکە یارمەتیدەری ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیلە لە دژی ئێران.

ترامپ جەختی لەوە کردەوە کە داوای لە ئەڵمانیا نەکردووە سەرباز بنێرێت و هاوکارییەکانی بەرلین زیاتر لە شێوەی دابینکردنی ئەگەری نیشتنەوە و بەکارهێنانی "بنکەی تایبەت" بووە بۆ هێزەکانی ئەمەریکا. لە هەمان کاتدا پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ حکومەتی ئەڵمانیا و مێرتز بەرز نرخاند.

سەرۆک ترامپ جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هاوکارییەی ئەڵمانیا بە تەواوەتی جیاوازە لە کردەوەی دوو وڵاتی دیکەی ئەوروپایی، ئەوانیش بەریتانیا و ئیسپانیا. ترامپ بەتایبەت ڕەخنەی لە هەڵوێستی ئیسپانیا گرت.

فریدریش مێرتز هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە ئەڵمانیا و ئەمەریکا دیدگایەکی هاوبەشیان هەیە سەبارەت بە کۆتایی هێنان بە "رێژێمی ئێستای ئێران"، هەرچەندە هۆشداریدا لەوەی ئەم پلانە بێ مەترسی نییە و ڕەنگە لێکەوتەی هەبێت.

هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە هەر بەشدارییەکی ڕاستەوخۆی ئەڵمانیا لە شەڕەکەدا پێویستی بە ڕەزامەندی پەرلەمانی وڵاتەکە دەبێت.

دۆناڵد ترامپ لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ فریدریش مێرتز پێش کۆبوونەوەکەیان ڕایگەیاند "ئێمە ئاستێکی زۆر باشمان هەیە".

سەرۆکی ئەمەریکا بە ئاماژە بە دەسەڵاتی سەربازی کۆماری ئیسلامی وتی "ئیتر هێزی دەریایییان نییە و پەکی کەوتووە و هەروەها هێزی ئاسمانییان نییە و لەکارکەوتووە و ئەوان هیچ ئامێرێکی چاودێری ئاسمانییان نییە؛ هەموویان لە کارکەوتوون."

دۆناڵد ترامپ لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیدا لەگەڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ڕایگەیاند، فەرمانی هێرشکردنە سەر ئێرانی ڕۆژی شەممە دەرکرد، چونکە کۆماری ئیسلامی دەیتوانی پێشوەختە هێرش بکات.

کاتێک پرسیاری ئەوەی لێکرا کە ئایا ئیسرائیل "فشاری" لێکردووە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، ترامپ وەڵامی دایەوە، "نا، لەڕاستیدا ڕەنگە من فشارم لەسەر ئەوان کردبێت."

ترامپ هەروەها گوتی، ئەڵمانیا "یارمەتیدەرە" بە ڕێگەدان بە هێزەکانی ئەمەریکا بۆ چوونە ناو هەندێک بنکە.

فریدریش مێرتز کە لە واشنتنە بۆ دانوستان لەسەر ڕێککەوتنێکی بازرگانی لەگەڵ ئەمەریکا و هەروەها شەڕی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، پشتگیری خۆی بۆ شەڕی ئەمەریکا و ئیسرائیل دژی ئێران دەربڕیوە. بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد، هیوادارە بەم زووانە شەڕەکە کۆتایی پێبێت، چونکە زیان بە ئابووری جیهانی دەگەیەنێت.