بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی وڵاتەکەی لەسەر ئاسمانی ئێران و لوبنان بەردەوام دەبن.
نەتانیاهۆ ڕۆژی سێشەممە لە بنکەی ئاسمانی پاڵماچیمەوە ڕایگەیاند، گرووپی حیزبوڵای لوبنانی ڕووبەڕووی کاردانەوەی زیاتر دەبێتەوە بۆ چوونە ناو شەڕەکە.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل وتی حزبوڵا هەڵەیەکی زۆر گەورەی کرد کاتێک هێرشی کردە سەر ئێمە. ئاماژەی بەوەشکردووە، "بە هێز وەڵاممان داوەتەوە و بە هێزی زیاتریش وەڵامی دەدەینەوە".
ڕۆژی دووشەممە حزبوڵا ژمارەیەک موشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد، ئەمەش وایکرد سوپای ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر ئەو گرووپە توندڕەوە لە بەیروت و باشووری لوبنان ئەنجامبدات.
نەتانیاهۆ ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتەکەی بەردەوام دەبێت لە بەرگریکردن لە وڵاتەکەی و بە حکومەت و ڕای گشتی لوبنانی ڕاگەیاندووە، دەبێت لەوە تێبگەن کە حزبوڵڵا "ئەوان دەکێشێتە ناو شەڕێکەوە کە هی ئەوان نییە".
حزبوڵا کە لە لیستی تیرۆردایە بە یەکێک لە گرووپە چەکدارە نزیکەکانی ئێران دادەنرێت لە ناوچەکەدا.
نەتانیاهۆ لە تۆڕی ئێکس چەند وێنەیەکی خۆشی لە بنکەی ئاسمانی پالماچیم بڵاوکردووەتەوە، و دەڵیت لەگەڵ وەزیری بەرگری وڵاتەکە ئیسرائیل کاتز و سوپا سالار ژەنەڕال ئەیال زامیر سەردانی بنکەکەی کردووە.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەشڵێت لەوێ زانیاری تەواوی لەسەر ئۆپەراسیۆنی "نەڕەی شێر" وەرگرتووە و لەگەڵ تیمی تەکنیکی و کاراکردنی درۆنەکاندا گفتوگۆی کردووە.