سەرۆک ترامپ: ئێران داوای وتووێژ دەکات و منیش گوتم زۆر درەنگە

سەرۆک دۆناڵد ترامپ، لە پۆستێکی توث سۆشیالدا ئاماژە بەوە دەکات ڕژێمی ئێران بەجۆرێک گورزی بەرکەوتووە کە دەیەوێت گفتوگۆ بکات، بەڵام زۆر درەنگە.

سەرۆک ترامپ دەڵێت " بەرگری ئاسمانیان، هێزی ئاسمانی، دەریایی و سەرکردایەتییان لە ناوچوون."

هەروەها دەشڵێت ئێستا" دەیانەوێت گفتوگۆ بکەن. من گوتم تازە زۆر درەنگە!"

سەرۆک لەگەڵ ئەم پۆستەیدا، بابەتێکی واشنتن پۆستی بڵاوکردووەتەوە کە تیایدا لە ڕاپۆرتێکی بیروڕادا، باس لەوە کراوە سەرۆک ترامپ " وەک ڕەیگن، (سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا ڕانۆڵد ڕەیگەن) ڕێگەیەکی دۆزییەوە بۆ گۆڕانکاری لە جیهاندا، بەبێ بەکارهێنانی هێزی پیادە."

ئەمەش لە کاتێکدایە کە سەرۆک ترامپ ڕۆژی دووشەممەش لە مەڕاسیمێکدا لە کۆشکی سپی گوتی هەرگیز ڕێگە نادەن ئێران "سپۆنسەری سەرەکی تیرۆر لە جیهان"دا چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت. وەڵامی ئەو ڕەخنانەشی دایەوە کە دەڵێن گوایە بێزار دەبێت و دەکشێتەوە گوتی "من بێزار نابم، هیچ شتێکی ئەم ئۆپەراسیۆنە بۆ من بێزارکەر نییە. ئەگەر بێزار بووبام ئێستا لێرە نەدەبووم."

گوتیشی "پێشبینیمان دەکرد چوار بۆ پێنج هەفتە بخایەنێت بۆ رووخاندنی سەرکردایەتیی ئێران، بەڵام تەنها چەند کاتژمێرێکی خایاند و زۆر زووتر بوو لەوەی چاوەڕێمان دەکرد."