ڕێژیمی ئێران بە سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کەمپی پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی لە کۆیە دەکاتە ئامانج

هێرشی ئێران بۆ سەر بارەگای حزبی دیموکرات لە ساڵی 2018

کۆماری ئیسلامی ئێران سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بە ڕێگای سێ درۆنەوە کەمپێکی پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی لە کۆیە کردە ئامانج و بەو هۆیەوە کەسێک برینداربوو.

تاریق حەیدەری قایمقامی کۆیە هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" بەیانی ئەمڕۆ بە سێ درۆن کەمپی ئازادی کە دەکەوێتە لێوای شاری کۆیە و پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی تێدایە کرایە ئامانج، کەمپەکە کەمپێکی مەدەنیە و تاک و تەرا بنکە و بارەگای حزبی دیموکراتی تێدایە."

وتیشی،" درۆنەکان بەر نەخۆشخانەیەک و کۆگایەکی تەقەمەنی و ناو کەمپەکە کەوتووە و لەئەنجامدا کەسێک برینداربووە، هەروەها لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەمە دووەمجارە هێرشی درۆنی دەکرێتە سەر کەمپەکە، جاری یەکەم لەئاسماندا تەقیوە و ئیدی نەمانزانی خۆیان کێشەیان تێدا بووە یاخود فڕیدراونەتە خوارەوە."

قایمقامی کۆیە ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، پریشکی ئەم شەڕە تەنها کۆیەی نەگرتووەتەوە بەڵکو سەرتاسەری هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکەی گرتووەتەوە و بەمەبەستی پاراستنی سەلامەتی گیانی، پەنابەرانی ڕۆژهەڵات ئێستا زۆرینەیان کەمپەکەیان چۆڵکردووە و دابەشبوونە بۆ نێو شارەکان.