بنیامین نەتەنیاهو دەڵێت هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکا بۆ سەر ئێران ڕەنگە ماوەیەک بخایەنێت، بەڵام ساڵانێک نەخایەنێت.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل شەوی دووشەممە لە کەناڵی فۆکس نیوز وتی "دەکرێت خێرا و یەکلاکەرەوە بێت و ڕەنگە ماوەیەک درێژەی هەبێت، بەڵام ساڵانێکی زۆری پێناچێت، ئەمە شەڕێکی بێکۆتایی نییە."
ناوبراو ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن ئیسرائیل ئەمەریکای ڕاکێشاوە بۆ ناو شەڕەکە و وتی "ئەم قسانە گاڵتەجاڕییە، دۆناڵد ترامپ بەهێزترین سەرکردەی جیهانە و ئەو کارە دەکات کە پێی وایە بۆ ئەمەریکا و بۆ نەوەکانی داهاتوو گونجاوە."
وتیشی کۆماری ئیسلامی دوای شەڕی 12 ڕۆژە خەریکی دروستکردنی دامەزراوەی نوێی ئەتۆمی و بنکە ژێرزەمینییەکان بووە بۆ بەرنامەی مووشەکییەکەی و ئەگەر ئێستا هەنگاو نەنرایە لە داهاتوودا نەماندەتوانی هیچ بکەین و لەو حاڵەتەدا کۆماری ئیسلامی دەیتوانی ئەمەریکا بکاتە ئامانج و هەڕەشە لە ئیسرائیل و وڵاتانی دیکە بکات.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل وتیشی 95%ی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کۆماری ئیسلامیەوە سەرچاوە دەگرێ و ڕووخانی ڕژیم دەتوانێ شەپۆلی ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی و موسوڵمان لێ بکەوێتەوە. ئاماژەی بەوەشکرد "ئەم ئۆپەراسیۆنە هاوبەشە سەردەمێکی ئاشتی دەستپێدەکات کە تەنانەت خەونیشمان پێیەوە نەبینیوە" و بە "دەروازەیەک بۆ ئاشتی" ناودێری کرد.
ئەم لێدوانەی نەتەنیاهو لە کاتێکدایە کە شەڕ و پێکدادانەکان لە چوارەمین ڕۆژی ئۆپراسیۆنی سەربازی دژ بە ئێران پەرەی سەندووە و ئیسرائیل ئامانجەکانی حزبوڵای لوبنان دەکاتە ئامانج کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن. لە هەمان کاتدا ئێران وڵاتانی کەنداویشی کردۆتە ئامانج.
دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ئەمەریکا دژی ئێران کە بە بەشداریی ئیسرائیل دەستیپێکردووە، دەتوانێت تا چوار هەفتە بەردەوام بێت.