ئەمەریکا لە دوو ڕۆژی یەکەمدا  49 بەرپرسی باڵای ڕژێمی ئێرانی کوشتووە

کارۆلین لیڤیت وتەبێژی کۆشکی سپی ڕۆژی دووشەممە لە پەیامێکدا ڕایگەیاند لە 48 کاتژمێری یەکەمی شەڕەکەدا 49 لە "باڵاترین" بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە نێویاندا عەلی خامنەیی کراونەتە ئامانج.

لیڤیت دەڵێت، کوشتنی تیرۆریستان بۆ ئەمەریکا باشە.

لە هەمان کاتدا سوپای ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند لە ماوەی 48 کاتژمێری هێرشەکانی سەر خاکی ئێران، لە زیاتر لە هەزار و 250 ئامانجیان داوە.

هەروەها لە بەیاننامەیەکی هەواڵی جیادا، فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا لە ناوچەکە ڕایگەیاند کە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا 11 کەشتی ئێرانی کردوونەتە ئامانج.

دۆناڵد ترامپ ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ژمارەی ئەو کەشتیانەی بە دە کەشتی ڕاگەیاندبوو.