هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران بەیاننامەیەکی سەبارەت بە ململانێی ئێستا و پەرەسەندنی نائارامییەکانی ناوچەکە بڵاوکردەوە. هاوپەیمانییەکە ئاماژەی بەوەکردووە، نابێت شەڕەکە وەک شەڕی کۆمەڵگەی ئێران و نەتەوەکانی ئەم وڵاتە لەگەڵ ئەمەریکا و ئیسرائیل و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لێی بڕواندرێت. داواش لە خەڵکی کوردستان دەکات ئارام و یەکگرتوو بن.
هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، کە لە پێنج حزب پێکهاتووە و لە ڕۆژی 22ی مانگی 2 ڕاگەیاندرا، لە سەرەتای بڵاوکراوەکەی ئەمڕۆ دووشەممەیدا، داوا لە خەڵکی کوردستان دەکات ژیرانە مامەڵە بکەن دەڵێت " پێویستە لەسەر هەست بن و وشیارانە بەرەوڕووی پێشهاتەکان ببنەوە و هەڵسوکەوتی سیاسیی خۆیان لەگەڵ داوا و ڕاسپاردەکانی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران ڕێکبخەن."
لە بڵاوکراوەکەی کە لە حەوت خاڵ پێکهاتووە جەخت لەسەر گرنگی پاراستنی ژێرخانی گشتیش کراوە لە کاتی ڕووخانی ڕژێمدا کە دەڵێت، "پێویستە سەرجەم بنکە و دامودەزگا ئیداری و خزمەتگوزارییەکان لەپێناو بەرژەوەندی و پێداویستییەکانی گشتیدا بپارێزرێن."
داواشی لە هێزە چەکدارەکانی ڕژێمی ئێران لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتی کردووە کە " ڕیزی خۆیان لە پاشماوەکانی کۆماری ئیسلامی جیا کەنەوە. پێیان ڕادەگەیەنین وا باشە ئەم دوا دەرفەتە بۆ پشتتێکردن لە دوژمن و هەڵبژاردنی بەرەی نەتەوەکەیان لەکیس خۆیان نەدەن."
جگە لەوەش هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران داواش دەکات خەڵک ئارام بن و "بە ژیری و پێگەیشتووییەوە بەرەوڕووی گۆڕانکارییەکان بچن و خۆ لە هەڵەشەیی و تۆڵەسەندنەوەی تاکەکەسی کە زیان بە ئەمنییەت و پاراستنی گشتیی کۆمەڵگە دەگەیەنێ بپارێزن."
ئەم هاوپەیمانییەی کە لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پارتی ژیانی ئازاد (پژاک)، پارتی ئازادیی کوردستان (پاک)، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و سازمانی خەباتی کوردستانی پێکهاتووە، بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان داواشیان لێ دەکات " چەندی دەتوانن لە بنکە و ناوەندە سەربازی و ئەمنییەتییەکانی ڕژێم دوور بکەونەوە."
لە کۆتایی ڕاگەیاندنەکەشدا داوا لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکات هاوکاری یەکتری بکەن "زیاتر لە هەر کاتێک ئاگاداری یەکتری بەتایبەت خەڵکی کرێچی، هەژار و بێئەنوا بن و بە دەسگرۆیی یەکتر ئەو ڕۆژە سەخت و دژوارانە تێپەڕینین."
ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ڕۆژی شەممەوە ئۆپەراسیۆنی توڕەیی ئەفسانەیی، بە ڕێبەرایەتی ئەمەریکا و ئیسرائیل دژ بە ڕژێمی ئێران دەستی پێکردووە و هەتا ئەمڕۆ دووشەممە بە پێی ڕاپۆرتەکان 47 گەورە کاربەدەستی ڕژێمی ئێران کوژراون، لە ناویاندا ڕێبەری باڵای وڵاتەکە ئایەتوڵا عەلی خامنەیش.