بەپێی ڕاپۆرتێکی شیکاری سی ئێن ئێن، ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی ئەمەریکا و ئیسرائیل لەدژی کۆماری ئیسلامی، دەرئەنجامی چەند مانگێک چاودێری هەواڵگری و ئامادەکاری سەربازی و مانۆڕی دیپلۆماسی هاوکات بووە؛ ئەو ئۆپەراسیۆنەی کە دواجار بووە هۆی کوشتنی عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی و بە پێی سەرچاوە ئەمەریکایی و ئیسرائیلییەکان بۆ گۆڕینی بنەڕەتی هاوکێشەی دەسەڵات لە تاران داڕێژرابوو.
چەند مانگێک چاودێری نهێنی
کەناڵی سی ئێن ئێن بە پشت بەستن بە پێنج سەرچاوەی ئاگادار لەو بابەتە ڕایگەیاندووە دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکا – لەوانەش دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا (سی ئای ئەی) ماوەی چەند مانگێک بە نهێنی چاودێری خامنەیی کردووە. سەرچاوەکان دەڵێن دەزگا هەواڵگرییەکان شێوازەکانی ڕۆژانەی ڕێبەری ئێرانیان خستوەتە ژێر چاودێری خۆیانەوە: شوێنی نیشتەجێبوونی، کۆبوونەوەکانی، شێوازەکانی پەیوەندیکردن و تەنانەت ئەو شوێنانەی کە ئەگەر هەڕەشەی لێبکرێت لەوانەیە بچێتە ئەوێ.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی سی ئێن ئێن، لە هەمان کاتدا چاودێری جوڵەی سەرکردە سیاسی و سەربازییە باڵاکانی ئێرانیش کراوە؛ لەوانەش کۆبوونەوەی نێوان ئەو بەرپرسانەی کە بە دەگمەن لە هەمان شوێنی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بوون.
کەناڵی سی ئێن ئێن دەلێت لە ڕۆژانی پێش ئۆپەراسیۆنەکەدا، دەزگا هەواڵگرییەکان خاڵی گونجاوی خۆیان دۆزیوەتەوە. بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، بڕیاربووە بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە بەرپرسانی باڵای ئێران لەوان خامنەیی لە شوێنی جیاواز لە کۆمەڵگەیەکی حکومی لە تاران کە نووسینگەی ڕێبەر و سەرۆکایەتی و دەزگاکانی ئاسایشی نیشتمانی لەخۆدەگرێت، کۆببنەوە.
سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی بە کەناڵی سی ئێن ئێنی ڕاگەیاندووە کە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ڕۆژدا کەمتر هەستی بە مەترسی کردووە و ئاستی پاراستنی ئەمنیی خۆی کەمکردووەتەوە. بەپێی هەندێک لە بەرپرسانی ئەمەریکایی و ئیسرائیل، ئەمە دەرفەتێک بووە کە نەدەبوو لەدەست بڕوات.
گۆڕینی پلانی هێرش؛ لە شەوەوە بۆ ڕۆژ
کەناڵی سی ئێن ئێن بڵاویکردەوە، پلانی سەرەتایی بۆ هێرشی شەوانە بووە، بەڵام لە کۆتا خولەکدا گۆڕدراوە بۆ هێرشی ڕۆژ. ئیال زەمیر، سەرۆکی ئەرکانی هێزی ئاسمانی نێودەوڵەتی لە یاداشتێکدا بۆ فڕۆکەوانانی هێزی ئاسمانی ئەمەریکا نووسیویەتی "ئۆپەراسیۆنی 'نەڕەی شێر' لە بەیانی ڕۆژی شەممە دەست پێدەکات و ئێوە دەسەڵاتتان پێدراوە ئامانجەکانتان لێبدەن، ئێمە مێژوو دەنووسینەوە."
بەپێی ڕاپۆرتەکەی کەناڵی سی ئێن ئێن، نزیکەی کاتژمێر 6ی بەیانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە شەپۆلی یەکەمی زنجیرەیەک هێرشی هەماهەنگی ئەمەریکا و ئیسرائیلدا هێرشیان کردووەتە سەر ئەو کۆمەڵگەیە. سەرچاوەکان بە تۆڕەکەیان ڕاگەیاندووە کە فڕۆکەکان بە تەقەمەنی و موشەکی دوور مەودا تەیارکراون و سێ لە شوێنی سەرکردەکان لە یەک کاتدا کراونەتە ئامانج.
دوای چەند کاتژمێرێک دۆناڵد ترامپ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە سۆشیال میدیا ڕایگەیاند کە خامنەیی کوژراوە. ترامپ نووسیبووی "ئەو نەیتوانی لە سیستەمی هەواڵگری ئێمە ڕزگاری بێت و بە هاوکارییەکی نزیک لەگەڵ ئیسرائیل، هیچ شتێک لەدەستی خۆی و ئەو سەرکردانەی دیکە کە لەگەڵیدا کوژراون، نەدەهات بیکات."
ناڕوونی لەسەر هۆکاری کۆبوونەوەکە
سی ئێن ئێن جەخت لەوە دەکاتەوە کە تا ئێستا ڕوون نییە چی بووە هۆی ئەوەی کە بەرپرسانی باڵای سەربازی ئێران لەوانەش فەرماندەی سوپای پاسداران و وەزیری بەرگری – لە هەمان ناوچەی ناوەڕاستی تاران لەگەڵ خامنەیی کۆببنەوە، لە کاتێکدا ئەمەریکا بڕێکی زۆر هێزی سەربازیی بۆ ناوچەکە جێگیر کردبوو.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی سی ئێن ئێن، هەواڵگری ئیسرائیل کەسایەتییەکانی وەک عەزیز ناسرزادە، عەلی شەمخانی، محەمەد شیرازی، محەمەد پاکپوور و سەید مەجید موسەوی وەک لە ئامادەبووان دەستنیشان کردبوو.
ئۆپەراسیۆنەکە وەک سی ئێن ئێن باسی دەکات ڕادەی کاریگەری و توانای هەواڵگریی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە ناوخۆی ئێراندا نیشان دا. بەرپرسێکی سەربازی ئیسرائیل بە تۆڕەکەی ڕاگەیاندووە "ئیسرائیل بە بەردەوامی چاودێری دوژمنە سەرەکییەکانی دەکات، بەڵام ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێک لەم ئاستەدا پێویستی بە بەستنەوەی چەند توخمێکی هەواڵگری ئاڵۆز بووە."
لە شەڕی 12 ڕۆژەوە تا دوایین ئۆپەراسیۆن
سی ئێن ئێن دەڵێت کە دوای شەڕی 12 ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە مانگی شەش، وەزیری بەرگری ئیسرائیل دانی بەوەدانا کە دەرفەتی ئۆپەراسیۆنیان نەبووە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بکەنە ئامانج. بەڵام ئەمجارە بارودۆخەکە جیاواز بوو.
ناڕەزایەتی ناوخۆیی و چڕکردنەوەی پلاندانان
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی سی ئێن ئێن، ئیسرائیل و ئەمەریکا چەند هەفتەیەک پێش هێرشەکە کاریان لەسەر ئۆپەراسیۆنەکە کردبوو. بنیامین ناتانیاهۆ لە کۆبوونەوەیەکدا لە دوای جەژنی کریسمس لە مارالاگۆ، بە ترامپی ڕاگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی دوای بۆردومانکردنی دامەزراوەکانی پیتاندنی لە مانگی شەش، بەرنامەی مووشەکی بالیستیکی خۆی بەرەوپێش دەبات و توانای ئەتۆمی خۆی دەگەڕێنێتەوە.
لەو دیدارەدا ترامپ پشتیوانی لە هەوڵی ئیسرائیل کردووە بۆ بەئامانجگرتنی شوێنە مووشەکییەکانی ئێران. دوای چەند ڕۆژێک ناڕەزایەتی بەربڵاو لە ئێران دەستی پێکرد و بە سەرکوتکردنی خوێناوی بەرەوڕوو بووەوە. ترامپ ڕایگەیاند کە ئەمەریکا "ئامادە و چەکدارە"؛ وتەیەک کە بەپێی ڕاپۆرتەکەی سی ئێن ئێن ئاماژە بووە بەوەی کە پلاندانان بۆ ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش چووەتە قۆناغێکی جددیترەوە.
لە هەمان کاتدا بەرپرسانی باڵای سەربازی و هەواڵگری ئیسرائیل بە مەبەستی هەماهەنگی بۆ واشنتن گەشتیان دەکرد. دیدارەکەی 11ی مانگی دووی نێوان ترامپ و نەتانیاهۆ کە هەفتەیەک هێنرایە پێشەوە، هەروەها بەشێک بوو لە هەوڵەکان بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی پشتیوانییەکانی ئەمەریکا بۆ بژاردەی سەربازی. ئەو دوو سەرکردەیە بە پێچەوانەی جارانی دیکە، تەنیا لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە قسەیان کرد.
دیپلۆماسی هاوکاتی نیشاندانی هێز
سی ئێن ئێن لە ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە هەمان کاتدا بەردەوام بوون. ترامپ بە ئاشکرا ڕایگەیاند کە هێشتا ئامادە نییە ڕێگە بە کردەوەی سەربازی بدات و دوای دیدارەکەی لەگەل ناتانیاهۆش نووسیبووی "هیچ ئەنجامێکی یەکلاکەرەوە نەبووە جگە لەوەی پێداگریم لەسەر ئەوە کرد کە گفتوگۆکان بەردەوام بن."
لەو کاتەدا ئەمەریکا هێشتا ئەو بڕە زۆرەی کەرەستەی سەربازی کە پێویست بوو بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی لەو شێوەیە جێگیر نەکردبوو. بەڵام لە هەفتەکانی دواتردا دوو کەشتی فڕۆکە هەڵگر و سەدان فڕۆکەی جەنگی و تانکەر و کەشتی و ژێردەریایی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کران، جێگیرکردنێک کە "بە ڕوونی بۆ جیهان و ئێران دیار بوو" و بوو کە بۆ فشارخستەنە سەر ئێرانە بۆ دانوستان.
شکستی دانوستانەکان و بڕیاری کۆتایی
سی ئێن ئێن دەڵێت نێردراوانی ترامپ، ستیڤ ویتکۆف و جەرێد کوشنەر، هەوڵیانداوە لە دانوستانە ناڕاستەوخۆکاندا ئیمتیازات لە کۆماری ئیسلامی وەرگرن، بەڵام زۆرێک لە بەرپرسانی ئەمەریکا گومانیان هەبووە کە تاران ڕازی بێت بە کۆتاییهێنان بە پیتاندنی یۆرانیۆم بە شێوەی هەمیشەیی.
بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا بە تۆڕەکەی وتووە بژاردەی زۆرمان پێشکەش کرد، بەڵام بە یاریکردن و بەفیڕۆدانی کات پێشوازیمان لێکرا. دوای دوایین خولی دانوستانەکان لە جنێڤ، ویتکۆف و کوشنەر ترامپیان ئاگادار کردەوە کە تاران ئامادە نییە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بە تەواوی هەڵبوەشێنێتەوە، ئەنجامێک کە بە گوێرەی سی ئێن ئێن، بۆچوونی ترامپی بەهێزتر کرد کە کردەوەی سەربازی پێویستە.
ترامپ لە ڕێگای تەکساس لەگەڵ ژمارەیەک سیناتۆری کۆمارییەکان ڕاوێژی کرد. لە هەمان کاتدا بەرپرسانی هەواڵگری ئەمەریکا کۆبوونەوەیەکی بەیانی شەممەی تارانیان دەستنیشان کردبوو کە دەبێتە ناوەندی ئۆپەراسیۆنەکە.
ترامپ ڕۆژی هەینی لە شاری بەندەری کۆرپوس کریستی وتی "ئێستا دەبێت بڕیارێکی گەورە بدەین... ئاسان نییە."