ئیسرائیل لە کاردانەوە بە هێرشەکانی حزبوڵا بەیروت بۆردومان دەکات؛ لە لوبنان 31 کەس کوژران

وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە پلاتفۆرمی خۆی لە تۆڕی ئێکس ڕایگەیاند سوپای وڵاتەکە لە وەڵامی هێرشەکانی حزبوڵا بۆ سەر هاووڵاتیانی مەدەنی ئیسرائیل، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە هێرشی کردووەتە سەر ئامانجەکانی ئەو گرووپە.

هاوکات ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە، لە ناوچە جۆربەجۆرەکان لە نێویاندا شاری حەیفا زەنگی ئاگادارکەرەوەی دەنگی دایەوە، ئەمەش بەهۆی موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە لە خاکی لوبنانەوە ئاراستەی باکووری ئیسرائیل کراون. سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە سەرچاوەی هێرشەکان لوبنانە نەک ئێران.

حیزبوڵای لوبنان کە بە فەرمی چووەتە ناو ململانێکانەوە ڕایگەیاندووە کە لە کاردانەوە بە کوشتنی عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو هێرشانەیان ئەنجام داوە.

هەروەها وەزارەتی تەندروستی لوبنان ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان لانیکەم 31 کەس کوژراون و 149 کەسیش بریندار بوون.

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری بەیروت و باشووری لوبنان 31 هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و 149 هاووڵاتی دیکەش بریندار بوون.

لە کاتێکدا حزبوڵای لوبنان ڕایگەیاند کە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکییان بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامداوە وەک تۆڵەسەندنەوەیەک لە کوشتنی عەلی خامنەیی، میدیاکانی دەوڵەتی لوبنان باسیان لەوە کردووە کە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل ناوچەکانی گەڕەکی باشووری بەیروتیان کردووەتە ئامانج.

پێشتر نەواف سەلام، سەرۆک وەزیرانی لوبنان لە پەیامێکدا لە کەناڵی ئێکس هۆشداری دا لە بەرامبەر هەڵدانی موشەک لە باشووری لوبنانەوە و نووسیبووی کە ئەو هەنگاوە "ئاسایشی لوبنان دەخاتە مەترسییەوە و بیانوویەک دەداتە ئیسرائیل بۆ درێژەدان بە هێرشەکانی دژی وڵاتەکەمان".