بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش کرایە سەر بنکەکانی ئەمەریکا لە هەولێر

بەگوێرەی ئاژانسە هەواڵییەکانی هەرێمی کوردستان، گروپی سەرایە ئەولیائی دەم کە خۆیان بە بەشێک لە "بەرەی موقاومەی ئیسلامی لە عێراق" ناو دەبەن ، ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاندووە بە ڕێگەی بەکارهێنانی چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە هەولێر.

لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لەلایەن ئەو گرووپە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەی کردووە کە ئەو هێرشە بۆ پشتیوانی لە کۆماری ئیسلامی ئێران لە دژی ئەمەریکا و ئیسرائیل ئەنجامدراوە و هەروەها ئامانجی "بەرگریکردن لە سەروەری عێراق" بووە. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی ئەو گرووپە، هێرشەکە بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکای لە هەولێر کردووەتە ئامانج.

هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هیچ لێدوانێکیان لەسەر ڕووداوەکە نەداوە.

ئاژانسی فرانس پرێسیش سەبارەت بەم هەواڵە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند، دەنگی تەقینەوەیەکی بەرز لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر لە هەرێمی کوردستانی عێراق بیستراوە؛ ئەو فڕۆکەخانەیەی کە میوانداری هێزەکانی هاوپەیمانی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا دەکات.

پەیامنێرێکی ئاژانسەکە ڕایگەیاندووە کە دوکەڵێکی زۆری ڕەش لە دەوروبەری فڕۆکەخانەکەدا بینراوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ڕۆژی پێشتر هێزەکانی هاوپەیمانان ڕێگرییان لە چەند مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەسەر ئاسمانی هەولێر کردبوو.