دانیشتوانی جرف ئەلسەخر: هەموو خانووەکانمان لەلایەن میلیشیا شیعەکانەوە لەگەڵ زەوی تەخت کراون

دانیشتوانی جرف ئەلسەخر دەڵێن، 12 ساڵە لەلایەنث میلیشیا شیعەکانەوە دەرکراون و خانووەکانیان لەگەڵ زەوی تەخت کراوە، بۆیە ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان.

لەچوارچێوەی هێرشی ئەمەریکا دژ بە رژێمی ئێران، ئەمڕۆ شەممە، ناوچەی جرف ئەلسەخر لەلایەن ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە کرایە ئامانج و ژمارەیەک چەکداری میلیشیاکان کوژران و برینداربوون.

حاجی ناجی، کە هاوڵاتییەکی خەڵکی جرف ئەلسەخرە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند: جرف ئەلسەخر هیچ ماڵێکی تێدا نەماوە و هەمووی دەرکراوە، خانووەکانمان لەگەڵ زەوی تەخت کراون.

بەشێک لەدانیشتوانی جرف ئەلسەخر روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، بەهۆی دەرکردنیان لەلایەن میلیشیا شیعەکانەوە، پێشتر لەنێو کامپ و ئێستا لە شاروشارۆچکەکانی هەرێم نیشتەجێ بوون.

ساڵح خزر، هاوڵاتییەکی تری خەڵکی جرف ئەلسەخرە، بە دەنگی ئەمەریکای وت: جرف ئەلسەخر بەکەڵکی ژیان نەماوە، هەموو خانووەکانمان رووخێنراون و چەکداری حەشد ناوچەکەی کۆنترۆڵکردووە.

دانیشتوانی جرف ئەلسەخر عەرەبی سونەن، بەهۆی گرنگی ناوچەکەیان و نزیکی لە کەربەلا، میلیشیا شیعەکان جگە لەوەی دانیشتوانەکەیان هەمووی دەرکردووە، خانووەکانیان رووخاندوون تا جارێکی تر نەگەڕێنەوە.

دەرکردنی دانیشتوانی جرف ئەلسەخر جگە لەوەی پەیوەندی بە نزیکی ناوچەکەیان لە کەربەلا و دوورخستنەوەی عەرەبی سونە لە پایتەختی ئاینی شیعەکانەوە هەیە، هاوکات بەشێک لە ستراتیژی دابڕانی ناوچەکە لە ئاوەدانی و بەکارهێنانی وەک ناوچەی سەربازیی داخراو.

محەمەد خەلیل، ئاوارەیەکی تر جرف ئەلسەخرە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند: ناوچەکەمان لەلایەن چەکدارە شیعەکانەوە داگیرکراوە، 12 ساڵە ئاگامان لە زێدی خۆمان نەماوە و بۆی نەگەڕاوینەتەوە چونکە دەترسین.

بەپێی راپۆرتە میدیایی و ئەمنییەکان، ناوچەی جرف ئەلسەخر لەلایەن میلیشیا شیعەکانەوە کراوەتە ناوچەی سەربازیی داخراو، درۆنی خۆکوژ لەو ناوچەیە بەرهەم دەهێنرێت و ناوچەکە پڕە لە جبەخانەی سەربازیی.