سەرۆکی زۆرینەی سینات: زۆربەی ئەمەریکاییەکان لەگەڵ سیاسەتی ترامپ بەرامبەر بە ئێران هاوڕان

جان تون، سەرۆکی زۆرینەی کۆمارییەکانی ئەنجومەنی سینات، بەرگری لە سیاسەتی دۆناڵد ترامپ دەکات بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی و دەڵێت سەرۆک ترامپ خەریکە ئەمەریکا ئامادە دەکات بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییە گرنگەکانی ئاسایشی نیشتمانی و زۆرینەی ڕەهای ئەمەریکاییەکانیش لەگەڵ ئەم ڕێبازەدان.

سەرۆکی زۆرینەی کۆمارییەکانی ئەنجومەنی سینات وتی، "پێموایە سەرۆک ئامادەمان دەکات بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییە گرنگەکانی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا، چ لە ناوچەکە و چ لە ناوخۆدا. ئێمە ناتوانین ئێرانێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی قبوڵ بکەین."

ئاماژەی بەوەشکرد ترامپ لە وتارەکەی ئەم دواییەیدا ئەمەی بەڕوونی خستەڕوو، وە پێی وایە زۆرینەی ڕەهای ئەمەریکاییەکانیش لەگەڵ ئەمەدان.

جان تون بە ئاماژەدان بە جێگیرکردنی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا وتی ئەم هەنگاوە لە بەرژەوەندی ئاسایشی نیشتمانی واشنتن و هاوپەیمانەکانیدایە. ناوبراو جەختی کردووە، "ئێمە لەو ناوچەیەدا بەرژەوەندی گرنگمان هەیە و دیارە ئەو توانایانەی کە ئێرانییەکان هەیانە بۆ لێدانی زۆرێک لە هاوپەیمانانمان شتێکە کە دەبێت پێکەوە کاری بۆ بکەین."

تون وتیشی سەرۆک سیاسەتی "ئاشتی لە ڕێگەی هێزەوە" پەیڕەو دەکات، دڵنیایی دەدات لەوەی کە ئەمریکا "سەروەت و سامانی گونجاوی لە شوێنی گونجاودا لە کاتی گونجاودا، لە کاتی پێویستدا" هەیە.

ناوبراو هەروەها هیوای دەربڕی کە ئەو گرژییانە نەبنە هۆی ئەوەی ئەمەریکا ناچار بێت هێز بەکار بهێنێت و وتی" ئەگەر ئێرانییەکان بێنە سەر مێزەکە، ئەگەری ڕێککەوتن هەیە."

سەرۆکی زۆرینەی کۆمارییەکانی ئەنجومەنی سینات لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی سەرەکی ئەمەریکا ڕێگریکردنە لە بەدەستهێنانی توانای ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی، بەڵام هۆشداریدا لەوەی تاران هێشتا بە تواناکانیەوە مەترسی لەسەر دراوسێ و هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا دروست دەکات.