ڕێکخراوی ڕوانگەی مافەکانی مرۆڤ (هیومەن ڕایتس واچ ) لە ڕاپۆرتێکدا ڕایدەگەیەنێت دەسەڵاتدارانی ئێران دەستیان داوەتە دەستبەسەرکردنی بەرفراوان و هەڕەمەکی و توندوتیژانەی دەیان هەزار کەس لە بەشداربووانی ئەم شەپۆلەی دوایی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکە.
ڕێکخراوەکە هەروەها هۆشداری دەدات لەوەی حکومەتی ئێران لە دژی خۆپیشاندەران دەستی داوەتە ئەشکەنجەدانی سیستماتیک و بێسەروشوێنکردن و دانپێدانانی زۆرەملێ، ئەمەش مەترسی دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی خۆپیشاندەرانی زیاد کردووە.
دەستگیرکردنی بەکۆمەڵ و بێبەشبوون لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر
بەپێی ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی ڕوانگەی مافەکانی مرۆڤ، دەسەڵاتدارانی حکومەت هەندێک بەشی زیندانەکانیان چۆڵ کردووە بۆ ئەوەی دەستگیرکراوەکان بە جیا لە زیندانییەکانی دیکە ڕابگرن، هەنگاوێک کە پێدەچێت بە ئامانجی ڕێگریکردن لە گواستنەوەی زانیارییەکان بووبێت.
هەروەها ئەو کەسانە لە ناوەندە نافەرمی و نهێنییەکاندا لە ژێر چاودێری دامەزراوە سەرکوتکەرەکاندا دەستبەسەر کراون، ئەو شوێنانەی کە تێیدا خۆپیشاندەران ڕووبەڕووی "ئەشکەنجەدان و لەسێدارەدانی هەڕەمەکی و نهێنی" دەبنەوە.
پارێزەرێک بە ڕێکخراوەکەی ڕاگەیاندووە، "دەستگیرکراوەکان مافی ئەوەیان نییە پارێزەری سەربەخۆی خۆیانیان هەبێت و دەبێت ڕازی بن بەو پارێزەری کە حکومەتی بۆیان دەستنیشان دەکات."
بەپێی دەستوری ئێران لە بڕگەی 48ی یاسای دادوەری تاوانکاریدا، تۆمەتبارانی هەندێک تاوان، لەوانەش تاوانەکانی "ئاسایشی نیشتیمانی"، تەنها دەتوانن ئەو پارێزەرانە بەکاربهێنن کە لەلایەن سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەرییەوە پەسەندکراون؛ واتە ئەو پارێزەرانەی کە بەپێی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە هەندێک حاڵەتدا خۆیان دەستیان هەیە لە پێشێلکارییە جددییەکانی مافەکانی مرۆڤدا.
بێسەروشوێنکردنی هەڕەمەکی
ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە زۆرێک لە دەستگیرکراوان لە بێ هەواڵی ڕەهادا ڕاگیراون و خێزانەکانیان بێ ئاگان لە چارەنووس و شوێنی دەستبەسەربوونیان.
ئەندامی بنەماڵەی یەکێک لە دەستبەسەرکراوەکان سەبارەت بە وەڵامی داواکارانی گشتی ڕایگەیاندووە، "کاتێک دەچین و پرسیار لەبارەی ئازیزانمانەوە دەکەین، پێمان دەڵێن ئەوان تاوانبارن و ئەگەر تاوانبار نەبن، ئێمە دەستگیرمان نەدەکردن و کاتێک دەپرسین تاوانەکەیان چییە، دەڵێن خۆتان باشتر دەزانن چیان کردووە."
لە شارە جۆربەجۆرەکان خێزانەکان لەبەردەم زیندانەکان و داواکاری گشتی کۆبوونەتەوە.
لە هەندێک حاڵەتدا ئەوانەی بەشدارییان لە ناڕەزایەتییەکان کردووە هەرگیز نەگەڕاونەتەوە ماڵەوە، خێزانەکانیش دوای سەردانی بنکەکانی پۆلیس و نەخۆشخانەکان و پزیشکی دادوەری هیچ وەڵامێکیان وەرنەگرتووە.
ئەشکەنجەدان و لێدان و توندوتیژی سێکسی
ڕوانگەی مافەکانی مرۆڤ بە پشتبەستن بە وتەی شایەتحاڵان و گرتە ڤیدیۆییە پشتڕاستکراوەکان، ڕایگەیاندووە هێزە سەرکوتکەرەکان لەوان سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعات بە توندی خۆپیشاندەرانیان سەرکوت کردووە و دەستبەسەریان کردوون و لە ناوەندەکاندا گیراوەکان ڕووبەڕووی لێدان و دەستدرێژی سێکسی بوونەتەوە.
خۆپیشاندەرێک لە تاران دەڵێت، "دەستیان بەستم و چاوەکانیان داپۆشیم و سواری ماتۆڕسکیلێکیان کردم، هەر لەوێ و لەبەرچاوی هەمووان دەستیان کرد بە لێدانم و چەندین جار بە دار لە سەریان دام."
هەروەها زیندانییەک لە تۆمارێکی دەنگیدا دەڵێت، "هەرکەسێک دەیبینیت بە توندی ئەشکەنجە دراوە... هەموو کەسێک بە زۆر دانپێدانانی پێکراوە. ئەوان ئەوەی دەیانویست دەبو دانی پێدا بنێین و بینوسن و واژۆی بکەین و ئەگەر واژۆی نەکەین، بە تەزووی کارەبا لێمانیان دەدا. چاو و دەستمانیان دەبەستنەوە و لێیان دەداین."
هەروەها ڕێکخراوەکە هەواڵی ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپی بەرامبەر نەرگس محەمەدی براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بڵاوکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، لە کاتی دەستگیرکردنیدا بە توندی لێی دراوە و فشاریان خراوەتە سەر بۆ ئیدانەکردنی ناڕەزایەتییەکان.
دواجار لەلایەن دادگای شۆڕشی مەشهەدەوە حوکمی حەوت ساڵ و شەش مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.
دانپێدانانی زۆرەملێ و مەترسی شەپۆلی لەسێدارەدان
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی کۆماری ئیسلامی ئێران سەدان دانپێدانانی زۆرەملێی دەستبەسەرکراوانی پەخش کردووە. لە گرتە ڤیدیۆکاندا تاکەکان – بە منداڵانیشەوە – وەک ئاژاوەگێڕ یان بەکرێگیراوی بیانی پێش هەر ڕێوشوێنێکی یاسایی، لە زۆر حاڵەتدا، سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا دەسەپێندرێت.
ڕێکخراوی ڕوانگەی مافی مرۆڤ هۆشداری داوە کە بە لەبەرچاوگرتنی قەبارەی دانپێدانانی زۆرەملێ و بەکارهێنانی تۆمەتەکانی وەک "محاربە" و "گەندەڵی لەسەر زەوی" و فراوانکردنی بازنەی سزای لەسێدارەدان لە یاسا نوێیەکاندا، مەترسی دەرکردنی بەربڵاو و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە دژی خۆپیشاندەران – لەنێوانیان ئەوانەی تەمەنیان لە خوار 18 ساڵەوەیە – زیادی کردووە.