هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە دەستی کرد بە کشانەوە لە گەورەترین بنکەی خۆی لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا کە بە بنکەی قەسرک ناسراوە.
ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی ناوچەکە بە دەنگی ئەمەریکایان ڕاگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ بە دەیان ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر کە هەندێکیان زرێپۆشیان هەڵگرتبوو، بنکەی قەسرکیان لە باکووری حەسەکە بەجێهێشتوە.
ڕۆژنامەنووس ئەمجەد کوردۆ بۆ دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاند، "لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەیان بارهەڵگر لە عێراقەوە پەڕیونەتەوە بۆ ناو سوریا بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلی سەربازی هەڵبگرن و بیانبەن بۆ عێراق."
ئەمجەد کوردۆ گوتیشی، "هەندێک سەرچاوە دەڵێن ئەم کشانەوەیە لە قەسرک کشانەوەیەکی تەواوەتییە. پڕۆسەکە و گواستنەوەی تەواوی ئۆتۆمبێل و کەرەستە سەربازییەکان چەند هەفتەیەکی دەوێت."
ڕۆژنامەنووس ئیڤان حەسیب بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، هەنگاوەکە بەشێکە لە کشانەوەیەکی فراوانتر. لەماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا، هێزەکانی ئەمەریکا بنکەی تەنف لەسەر سنووری ئوردن و بنکەی شەدادییان چۆڵکردووە و ڕادەستی حکومەتی ڕاگوزەری سوریایان کردوون.
بەڵام ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، "سەرەڕای ئەم جموجۆڵە بەرفراوانە، هێشتا ڕوون نییە کشانەوەکە بەشێوەیەکی بەشەکی دەبێت یان تەواو. ئاماژەش هەیە ئەگەر بنکەی قەسرک بەشێوەیەکی سەربازیش چۆڵ بکرێت، ئەوا بنکەکە بۆ بەکارهێنانی سەربازی لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە بهێلرێتەوە."
ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەشڵێت، "چاودێران ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەم کشانەوەیە لە قەسرک هەموو خاڵە سەربازییەکان ناگرێتەوە، هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پێگەی ستراتیژی و ئامادەیی سەربازی خۆیان لە بنکەی 'خەراب جیر' لە ناوچەی ڕیمێلان دەپارێزن."
بنکەی خەراب جیر دەکەوێتە نزیک سنووری عێراقەوە.
بنکەی قەسریک، کە دەکەوێتە نزیک ڕێگای M4 لە نێوان حەسەکە و شاری تل تەمر، لە ساڵی 2018 دامەزراوە و یەکێک بووە لە بنکە گەورەکانی سوریا و بە گرنگییەکەی لە شەڕی دژی داعشدا ناسراوە.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە بە فەرمی هیچ لێدوانێکی لەسەر کشانەوەی هێزەکانی لەو بنکەیە نەداوە.
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا زیاتر لە دە ساڵ لەمەوبەر لە ناوچەکە جێگیر کرابوو و بەیەکەوە لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات دژی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش کاریان دەکرد.