تۆم باراک: ڕێککەوتنی نێوان عێراق و کۆمپانیای شیڤرۆن وەرچەرخانێکی مێژووییە

نێردەی تایبەتی ئەمەریکا تۆم باراک ئەمڕۆ دووشەممە لە بەغدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی سەرپەرشتی ڕێککەوتنێکی فراوانی بواری وەزەیان کرد لە نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای زەبەلاحی وزەی ئەمەریکایی شیڤرۆن.

تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی بۆ سوریا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ وەرچەرخانێکی مێژوویی گرنگە بۆ خەڵکی عێراق و بۆ یەکێک لە کۆمپانیا پێشەنگەکانی وزەی ئەمریکا، شیڤرۆن."

ڕاشیگەیاند، "ئەم هاوبەشییە ڕەنگدانەوەی پشتگیرییەکی بەهێزە بۆ دیدگای [سەرۆک ترامپ] بۆ پێشخستنی ئاشتی لە ڕێگەی خۆشگوزەرانی هاوبەشەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. پابەندبوونی شیڤرۆن بە بەڕێوەبردنی کێلگەیەکی نەوت کە نزیکەی 12%ی بەرهەمی نەوتی عێراقی تێدایە، متمانە بە سەقامگیری و توانای عێراق نیشان دەدات. وەبەرهێنانی ئەمەریکایی لە عێراق بە واتای دەرفەتی نوێ دێت بۆ گەشەکردن - ڕەخساندنی هەلی کار، بەرزکردنەوەی خۆڕاگری ئابووری، وە پێشخستنی داهاتوویەکی خۆشگوزەرانی هاوبەش."

دیمەنی کاتی واژۆکردنی ڕێککەوتن لە نێوان کۆمپانیای شیڤرۆن و بەرپرسانی وزەی عێراقی بە سەرپەرشتی محەمەد شیاع سودانی و تۆم باراک لە ڕۆژی 23-2-2026.

بە گوێرەی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، وەزارەتی نەوتی عێراق و شیڤرۆن دوو یاداشتنامەی سەرەتایی بنەماییان واژۆ کردووە بۆ فراوانکردنی کارەکانی ئەو کۆمپانیا ئەمریکاییە لە بەسرە و زیقاڕ و ناوچەکانی کۆمپانیای نەوتی باکور.

ڕێککەوتنەکە ئەگەری ئەوە بەهێز دەکات کۆمپانیای شیڤرۆن ئەرکی وەبەرهێنان لە کێڵگەی قورنەی ڕۆژئاوا-2 بگرێتە ئەستۆ.

کێڵگەی قورنەی ڕۆژئاوا-2 لەلایەن کۆمپانیای ڕووسیایی لوک ئۆیەڵ بەڕێوەبراوە کە مانگی دەی ساڵی ڕابردوو لەلایەن ئەمەریکاوە خرایە لیستی ڕەشەوە. حکومەتی عێراق مانگی ڕابردوو کێلگەکەی خۆماڵی کرد.

کێڵگەی زەبەلاحی قورنەی ڕۆژئاوا دەکەوێتە باکوری ڕۆژئاوای پارێزگای بەسرە و ڕێژەی نزیکەی 10٪ هەموو بەرهەمی نەوتی عێراق و 0.5٪ بەرهەمی نەوتی جیهان پێکدەهێنێت.

بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە دوای ڕێککەوتنەکان، محەمەد شیاع سودانی تیشکی خستە سەر گرنگی ئەم ڕێککەوتنانە لە پێشخستنی چاکسازییەکان لە چوارچێوەی کەرتی نەوتی عراق و کاریگەری ئەرێنی پێشبینیکراویان لەسەر بەهێزکردنی بارودۆخی ئابووری و باشترکردنی بژێوی ژیان لە پارێزگاکانی زیقار و سەڵاحەدین.

جگە لە سەرپەرشتیکردنی ئەو ڕێککەوتنە، هاوکات تۆم باراک ئەمڕۆ لە دووەم ڕۆژی سەردانەکەیدا بۆ عێراق لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق فوئاد حسێن کۆبووەوە بۆ وتوێژ لەبارەی بەهێزکردنی پەیوەندییە دوولایەنەکان.

نێردەی تایبەتی سەرۆک ترامپ لەبارەی کۆبوونەوەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی، "سوپاسگوزارم بە بەردەوامی یەکخستنی بەرژەوەندی و سەرکردایەتی لەلایەن وەزیری دەرەوە."

نێردەی ئەمەریکا بۆ سوریا تۆم باراک ڕۆژی 23-2-2026 سەردانی وەزیری دەرەوەی عێراق فوئاد حسێنی کرد لە بەغدا.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت لە کۆبوونەوەکەدا باسی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و عێراق بەتایبەت لە بواری بەرەنگاری دژی تیرۆردا کراوە.

پەیوەست بە پرسە ناوچەییەکان، ڕاگیێندراوەکە دەڵێت هەردوولا جەختیان لە گرنگی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکومەتی ڕاگوزەری سوریا کردووەتەوە. لەسەر ئێران، فوئاد حسێن جەختی کردەوە لەسەر مەترسی ئەگەری هەڵگرسانی شەڕ و کاریگەرییە خراپەکانی لەسەر ناوچەکە، وە خواستی وڵاتەکەی دەربڕیوە بۆ گەیشتن بە چارەسەری ئاشتیانە لە ڕێگەی دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران لە جنێف.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت فوئاد حسێن و تۆم باراک "بە درێژی" تاووتوێی پرسی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراقیان کردووە. لە کاتێکدا تۆم باراک دیدگای ئەمەریکای باسکردووە، فوئاد حسێن جەختی کردووەتەوە کە ئەمە پرسێکی ناوخۆیی عێراقە، بەڵام وڵاتەکەی ڕای هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت ئەمەریکا، وەک هاوپەیمانێک، لەبەرچاو دەگرێت.

وەزیری دەرەوەی عێراق جەختی کردووەتەوە لەسەر گرنگی بەردەوامبوونی پەیوەندی و هەماهەنگی دوولایەنە له قۆناغی داهاتوودا هەتا ئه و کاته ی پرۆسه ی پێکهێنانی حکومەتی عێراق تەواو دەبێت.

سەرۆک ترامپ ڕۆژی 27-1-2026 بەربژێرکردنی نوری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەلایەن هاوپەیمانی شیعەکانەوە ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند ئەگەر مالیکی ببێتەوە بە سەرۆکوەزیران چیتر ئەمەریکا یارمەتی عێراق نادات.

لەکاتێکدا ئیدارەی سەرۆک ترامپ سورە لەسەر ئەم هەڵوێستە، لایەنە عێراقییەکان هەتا ئێستا کاندیدێکی تریان بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان نەکردووە.

دوێنێ یەکشەممە تۆم باراک لە بەغدا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی کۆبووەوە و باسیان لە ئامانجەکانی عێراق کرد بۆ بونیادنانی "داهاتوێکی سەروەر و جێگیر و خۆشگوزەران بە شێوەیەک کە هاوتەریب بێت لەگەڵ خواست و ئامانجەکانی سەرۆک ترامپ بۆ ئاشتی و خۆشگوزەرانی ناوچەکە."

دوای کۆبوونەوەکە، تۆم باراک ڕایگەیاند، "پێویستی هەبوونی سەرکردایەتی کاریگەر کە خۆی لەگەڵ سیاسەت و کردەی سەقامگیری زیاتر بۆ عێراق و گەلی عێراق هاوتەریب بکات، کلیلی ئامانجە هاوبەشەکانمانە."