چاودێران: ڕێکخراوی داعش لە سوریا پەرە دەسێنێت

ئاژانسی هەواڵی سوریا (سانا) ڕۆژی یەکشەممە لە زاری بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی بەرگریی سوریا ڕایگەیاند، ئەندامێکی سوپای عەرەبی سوریا لە گوندی ئەلواسیتە لە دەوروبەری باکوری ڕەققە کراوەتە ئامانجی هێرشبەرە نەناسراوەکان و بەهۆیەوە ئەو و هاووڵاتییەکی مەدەنی لە شوێنی ڕووداوەکە کوژراون.

ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، شانەکانی داعش لە ڕێگەی وتەبێژی فەرمی خۆیانەوە بەرپرسیارێتی خۆیان لە کوشتنی دوو ئەندامی وەزارەتی بەرگری سوریا لە لە لادێکانی دەوروبەری ڕەققە ڕاگەیاندووە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕوانگەکە داعش هەروەها “بەرپرسیارێتی خۆی لە کوشتنی گەنجێکی خەڵکی شارۆچکەی بۆقرۆس گرتووەتە ئەستۆ، کە لەلایەن چەکدارە ماتۆرسوارەکانەوە لە نزیک بازاڕی ئاژەڵفرۆشانی ئەلمەیادین لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور کوژرا.

ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت "ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ بڵاوبوونەوەی لێدوانێکی دەنگیی ئەبو حوزەیفە ئەلئەنساری، وتەبێژی داعش کە دەڵێت داعش لە "قۆناغێکی نوێی ئۆپەراسیۆنەکانی" دەستپێکردووە، و ئامانجی سەرەکی ئەمە قۆناغەش "ڕژێمی نوێی سوریا"یە.

هەروەها ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆستیش هەواڵەکەی بڵاوکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە داعش " قۆناغێکی نوێی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی ڕژێمی سوریا بە دوو هێرشی تیرۆریستی دەستپێدەکات".

توێژەر وەلید چۆلی دەڵێت، داعش لەسەر ئاستی سوریا خۆی ڕێکدەخاتەوە و ئەم هێرشانەی دوو ڕۆژی ڕابردوو ناگاتە ئاستی ئەو مەترسییە گەورەیەی کە داعش دەتوانێت دروستی بکات.

چۆلی، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانە لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی فورات، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، "داعش ئێستا تەنیا لە ڕەقە و دێرەزوور نییە، ئێستا لە دیمەشق و لازقیە و حەلەب خۆی جێگیر دەکات، ئێستا گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە بتوانێت دووبارە دەست بە پڕۆژەی دەوڵەتی ئیسلامی بکاتەوە".

چۆلی، کە لە قامیشلۆ نیشتەجێیە، سەرنجی خەڵک بۆ ئەو مەترسییە ڕادەکێشێت کە ئەم ڕێکخراوە تیرۆریستییە لەسەر کورد دروستی دەکات و دەڵێت، "داعش کورد وەک دوژمنێکی ڕاستەوخۆ دەبینێت، چونکە کورد خەلافەتەکەی لە ڕەققە شکستپێهێنا و بۆ ماوەی حەوت ساڵ زیندانییەکی ڕاگرت."

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (سێنتکۆم) لە نێوان 21ی 1 تا 12ی 2 پێنج هەزار و 700 زیندانی داعشی لە زیندانەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ شوێنە پارێزراوەکانی عێراق گواستووەتەوە.

وەلید چۆلی

چۆلی وتی "زیاتر لە 10 هەزار چەکداری داعش لە زیندانەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا بوون، لەو ژمارەیەش 4 هەزار کەسیان بێسەروشوێن بوون یان هەڵهاتون، جگە لەوەش زیاتر لە 20 هەزار گەنج و منداڵ لە کەمپی ئەلهۆڵ بوون، ئەو منداڵانە، کە ئێستا بوونەتە گەنج، لە کەمپەکە ئازادکران و ماوەیەکی زۆر ناخایەنێت داعش وەک پێشتر بگەڕێتەوە".

ئەم هێرشانە و چالاکییەکانی داعش لە کاتێکدایە کە ڕاپۆرتەکان بە ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرزیشەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە داعش هێرشەکانی بۆ سەر سەرکردایەتی سوریا و سەرۆکی کاتیی وڵاتەکە ئەحمەد شەرع، چڕ کردووەتەوە.

ئەحمەد ئەلشەرع سەرکردەیەکی پێشووی ئەلقاعیدە بوو کە لە ساڵی 2016دا لێی جیابووەوە و سەرکردایەتی هاوپەیمانییەکی گروپە ئیسلامییەکانی کرد کە ساڵی ڕابردوو بەشار ئەسەدی سەرۆکی لەمێژینەی سوریایان لەکارخست و بوو بە سەرۆکی کاتیی سوریا.