باڵیۆزی ئەمەریکا لە ئیسرائیل: ڕەنگە کۆماری ئیسلامی تەنها لە زمانی شەڕ تێبگات

مایک هاکەبی باڵیۆزی ئەمەریکا لە ئیسرائیل ڕۆژی شەممە بە نیوزماکسی ڕاگەیاند کۆماری ئیسلامی پێویستی بەوەیە بزانێت کە سەرۆک دۆناڵد ترامپ هەم لە دانوستاندن و هەم لە کەڵک وەرگرتن لە هێز، جدییە و هۆشداریشی دا "ڕەنگە ئەم [جەنگە] تاکە ڕێگە بێت کە کۆماری ئیسلامی تێبگات ئێمە چەندە جددیین."

هاکەبی سەبارەت بە بژاردەکان وتی "هیوادارم کۆماری ئیسلامی سەرۆک بە جددی وەربگرێت." ئاماژەی بەوەشکرد پێویستە گوێ لە سەرۆک ترامپ بگرن.

لە درێژەی قسەکانیدا وتی "پێموانییە هاوینی ڕابردوو ئەو کارەیان کردبێت و پەشیمان بوونەوە."ناوبراو بە ئاماژەدان بە "ئۆپەراسیۆنی چەکوشی نیوەشەو"، وتی دۆناڵد ترامپ "فڕۆکە بۆمبڕێژکراوەکانی بی-2ی ناردووە."

مەرجەکانی واشنتۆن بۆ ڕێککەوتن

هەر لەو چاوپێکەوتنەدا، هاکەبی ڕوونیکردەوە کە پێیوایە سەرۆک ترامپ دەیەوێت ڕژێمی ئێران واز لە خواستە ئەتۆمییەکانی و پیتاندنی یۆرانیۆم بهێنێت و هەوەرها دەستبەرداری ئەو جبەخانە گەورەیەی مووشەکی بالیستیکی بێت کە لە سروشتی خۆیدا بۆ بەرگریکردن نییە.

هاوکات باسی لەوە کرد ئەگەر کۆماری ئیسلامی ڕیاگی دیپڵۆماسی بۆ ڕێککەوتن ڕەت بکاتەوە، ئەوا هەموو بژاردەکان لەسەر مێزن بەرامبەر بە تاران.

لە وەڵامی پرسیاری نیوزماکس کە ئایا ترامپ هەوڵدەدات کۆماری ئیسلامی بهێنێتە سەر مێزی دانوستان و لە هەمان کاتدا بەکارهێنانی هێز وەک دوا ڕێگا دەهێڵێتەوە، هاکەبی وتی بێ گۆمان وایە و ئاماژەی بەوەشکرد سەرۆک پێی خۆشە چارەسەرێکی ئاشتیانە دەستەبەر بکرێت.

زیادبوونی بوونی سەربازی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا

باڵیۆزی ئەمەریکا لە ئیسرائیل ئاماژەی بە کۆبوونەوەی سەربازی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا کرد و وتی، "سەیرکە چەند چەک و ئامێری سەربازی گواستراوەتەوە بۆ ناوچەکە؛ گەورەترین جێگیرکردنی سەربازییە لەوەتای ساڵی 2003ەوە." ئاژانسی ڕۆیتەرزیش ئەم ئامادەبوونە سەربازییەی بە هاوتای ئاستی ئامادەکارییە سەربازییەکانی ساڵی 2003 ناو بردووە.

هاکەبی بە نیوزماکسی ڕاگەیاند "دەتوانین بە ئاشتیانە کۆتایی بەم شتە بهێنین، یان ڕووبەڕووی شتێک دەبنەوە کە خوازیاری نین. ئاماژەی بەوەشکرد ئەمە ساتەوەختی ئەوانە، بەڵام کاتەکەیان سنووردارە بۆ بڕیاردان.

جگە لەو فڕۆکە جەنگییانەی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا هەن، زیاتر لە 60 فڕۆکەی هێرشبەری ئەمەریکایی گەیشتوونەتە بنکەیەکی ئەمەریکا لە ئوردن و بە پێی هەواڵەکانی نیوزماکس، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم 68 فڕۆکەی بارهەڵگر گەیشتوونەتە ئەوێ.

هەڕەشەی جیهانی لە ڕوانگەی باڵیۆزی ئەمەریکاوە

لەگەڵ پەرەسەندنی قسە و باسەکان سەبارەت بە ئەگەری هەڵمەتێکی سەربازیی ئەمەریکا دژی کۆماری ئیسلامی کە دەتوانێت "چەند هەفتەیەک" بخایەنێت - هاکەبی وتی سەرۆکی ئەمەریکا دەبێت بە ڕوونکردنەوەی هەڕەشە فراوانترەکانی تاران، خەڵکی ئەمەریکا بۆ ئەو پرسە ئامادە بکات.

ناوبراو وتی "حەماس و حیزبوڵا و حوسییەکان هەموویان بریکاری حکوومەتی کۆماری ئیسلامین و وتیشی "ئەوان لە هەموو جیهاندا بڵاوبوونەتەوە، حیزبوڵا لە سەرانسەری نیوەگۆی ڕۆژئاوادا ئامادەیی بەرچاوی هەیە، ئەوەش هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئەمەریکا."

هاکەبی ئاماژەی بەوەدا کە دوژمنایەتی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەمەریکا دەیان ساڵە بەردەوامە و نابێت تەنیا لە ڕووی ململانێی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئیسرائیل شی بکرێتەوە.

وتیشی " ئەمە هەمان ئەو حکومەتەیە کە بکوژێکی بەکرێ گرتووە بۆ تیرۆرکردنی سەرۆک ترامپ، و لە ماوەی 47 ساڵی ڕابردوودا هەزاران ئەمەریکایی کوشتووە. ناوبراو وتیشی ئەگەر مووشەکێکی بالیستیکی دوور مەودایان دەست بکەوێت کە توانای ئەتۆمی هەبێت، ئەوا لە چاوتروکانێکدا هەڵیدەدەن.

ئاماژە بۆ گۆڕینی ڕژێمی ئێران

هاکەبی هەروەها بەدەر لە نیگەرانییە ئەمنییەکان، ئاماژەی بە ئەگەری گۆڕینی ڕژێم لە تاران کرد و وتی "کۆتایی هاتنی ڕژێمی ئێران لە کۆتاییدا بە مانای ڕێکخستنەوەی تەواوەتی و ئاستێکی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبێت کە لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە نەمانبینیوە"

دۆناڵد ترامپ بڕیارە ڕۆژی سێشەممە لە وتارێکی تەلەفزیۆنی نیشتمانیدا ئەولەویەتەکانی سیاسەتی خۆی بخاتەڕوو.