ئەگەری هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران و کاریگەری لەسەر حزبە کوردییەکانی ئێران

ئەمەریکا خەریکی ئامادەکاریی لەشکرییە لە هەرێمی کەنداودا، لە دەمێکدا گرژییەکانی لەگەڵ ئێران لە پەرەسەندندایە. ڕۆژنامەی ئورشەلیم پۆست لە ڕاپۆرتێکی شیکاری ڕۆژی هەینیدا دەڵێت لە ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕ ڕەنگە ڕژێمی ئێران حزبە کوردییەکانی کوردستانی ئێران بخاتە بەر هێرش.

لە وەڵامی پرسیارێکی دەنگی ئەمەریکا تەها حەسەنیانی، توێژەری سیاسی لە کەنەدا، دەڵێت بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی هێرشی ڕابردووی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بارەگاکانی حزبە کوردییەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستانی عێڕاقدا بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ئەگەری هێرشێکی لەو شێوەیە ناکرێت "پشتگوێ بخرێت."

خالید محەمەد زادە، ڕۆژنامەوان لە هەرێمی کوردستانی عێڕاقیش، لەگەڵ ئەم بۆچوونەدا هاوڕایە و دەڵێت، "ئەگەر کۆماری ئیسلامی کاردانەوەیەکی بەرامبەر بە نەیارانی خۆی هەبێت، ئەوا بەرامبەر بە حزبەکانی ڕۆژهەڵات دەبێت."

ئەو پێیوایە، بۆ کۆماری ئیسلامی لێدان لەو حزبانە ئاسانە چونکە "هەم بەردەستن و هەم هیچ وڵات و لایەنێک لە سەریان نایەتە دەنگ."

هەروەها لە سەر مەترسی هێرش بۆ سەر حزبە کوردییەکان کاووس عەزیزی چالاکی سیاسی لە دێنێمارک لە پەیوەندییەکی لەگەڵ دەنگی ئەمەریکادا دەڵێت لە ئەگەری هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران، "کۆماری ئیسلامی بیر لە زەبرێکی قورس لە ئەحزاب (ی کورد) جێگیر لە باشور دەکاتەوە و بە دڵنیاییەوە بەرنامەی بۆ داناوە."

لە ئەگەری ڕووداوێکی ئەوتۆ، حەسەنیانی بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان چەندین خاڵ دەستنیشان دەکات لە نێویاندا: "پێداچوونەوە بە شێوازی جێگیرکردنی بنکەکان، کەمکردنەوەی ژمارەی هێزەکان لە شوێنە جێگیر و دەستنیشانکراوەکان و بەهێزکردنی ڕێوشوێنی پاراستن."

ئەو لەم بارەیەوە هاوئاهەنگی نزیک لەگەڵ حکومەتی هەرێم و بەغداد و بەهێزکردنی هاوکاری هەواڵگری و ئاسایش لەگەڵ هێزە نێونەتەوەییەکان بەتایبەتی ئەمەریکا بە ڕێکارێکی کاریگەرانە بە تایبەتی بۆ پاراستنی مەدەنییەکان و چالاکە سیاسییەکان دەزانێت.

بە بۆچوونی عەزیزی لە ئەگەری هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر ڕژێم پیویستە حزبەکانی کوردستانی ئێران، " لە ناوخۆی کوردستانی ئێران لە پێشدا دەستبەسەر چەند پێگەی ناوچەیەکدا بگرن تا ببێتە ناوچەی ئازاد و لەوێڕا بۆ ناوچەکانی دیکەی کوردستان بەرنامە دابنێن."

جێگەی ئاماژەیە کە سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەمە داوای لە ئێران کرد کە لە ماوەی 10 ڕۆژاندا ڕێککەوتنێکی مانادار" لەگەڵ ئەمەریکا واژۆ بکات و هوشداریشی دا ئەگینا "ڕووداوی ناخۆش" بۆ کۆماری ئیسلامی ڕوو دەدات.