سەرۆک دۆناڵد ترامپ سەبارەت بە ئاگربەستی سوریا و پرۆسەی تێکەڵکردنی هەسەدە لەگەڵ سوپای سوریا، ستایشی هەنگاوەکانی ئەحمەد شەرعی کرد و گوتی "هەتا ئێستا زۆر باش بووە لەگەڵ کورد."
سەرۆک ترام لە وەڵامی پرسیارێکی ڕۆژنامەوانییدا لە واشنتن ڕایگەیاند، "ئەوەی ئەتوانم بیڵێم ئەوەی من سەرۆکی سوریام دانا. ئەو کارێکی زۆر نایاب دەکات."
ڕایگەیاند، "ئەو [ئەحمەد شەرع] کەسێکی توندە، فریشتە نییە، فریشتە ناتوانێت ئەمە بکات. بەڵام وا سوریا دێتەوە یەک، بەڕاستی باش دێتەوە یەک."
سەرۆک وتیشی، "هەتا ئێستا ئەو لەگەڵ کورد زۆر باش بووە."
ئەو لێدوانەی دۆناڵد ترامپ لە کاتی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بوو دوابەدوای بڕیاری دادگای باڵای ئەمەریکا بە ڕەتکردنەوەی پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەکەی.
سەبارەت بە پرسی ئێران، سەرۆک ترامپ جەختی کردەوە لەوەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی "وا باشترە بۆیان ڕێککەوتن ئەنجام بدەن."
سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها لەبارەی ئاماری قوربانیانی خۆپێشاندەران لە ئێران گوتی، "32 هەزار کەس لە ئێران لە ماوەیەکی کورتدا کوژران."