سەرۆک ترامپ بیر لە کردارێکی سەربازی سنووردار دەکاتەوە بۆ گوشار خستنە سەر ئێران

سەرۆک دۆناڵد ترامپ ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند بیر لە ڕێوشوێنی سەربازیی سنوورداری ئەمەریکا دەکاتەوە، بۆ گوشار خستنە سەر کۆماری ئیسلامی بۆ ڕێککەوتنێک.

لە میانەی نانخواردنی بەیانی لەگەڵ فەرمانڕەواکان لە کۆشی سپی، سەرۆک ترامپ بەر لەوەی داوا لە ڕۆژنامەوانان بکات هۆڵەکە بەجێبهێڵن کاتێک پرسیار لەسەر ئەو بابەتە کرا سەرۆک ترامپ ڕایگەیاند " پێم وابێت بیر لە شتێکی وا دەکەمەوە."

بەڵام سەرۆک هیچ وردەکارییەکی لەو بارەیەوە نەدا.

سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە داوای لە حکومەتی ئێران کرد کە لە ماوەی 10 ڕۆژدا لەگەڵ واشنتن بگاتە "رێککەوتنێکی مانادار" و هۆشداریشیدا لەوەی ئەگەر نەکرێت ئەوا "شتی خراپ" بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران ڕوودەدات.

ئاماژەی بەوەش کرد لە ماوەی چەندین ساڵیدا کۆماری ئیسلامیدا سەلمێندراوە کە ڕێککەوتنێکی مانادار لەگەڵ ئەو ڕژێمەدا ئاسان نییە بەڵام گوتی دەبێت " ڕێککەوتنێکی مانادار بکرێت، ئەگەر نا ئەوا شتە خراپەکان ڕوودەدەن."

ترامپ ئەم قسانەی لە کۆنفرانسی " دەستەی ئاشتی" کرد، کە دەڵێت بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری لە غەززە و دەرەوەی غەززە پێکهێنراوە.

گوتیشی "ئەوان (کۆماری ئیسلامی) ناتوانێت ببێت بە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، ئەگەر چەکی ئەتۆمییان هەبێت، ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نابێت. زۆر بە ڕوونیش ئەمەیان پێگوتراوە."

دوای چەند کاتژمێرێک لەو قسانە لە دەمی لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان لە ناو فڕۆکە تایبەتەکەی Air Force One، گوتی " یان ڕێککەوتنێک دەکەین، یاخود شتێکی ناخۆش دەبێت بۆیان (بۆ ئێران)."

هەروەها جەختیشی کردەوە لەوەی ڕژێمی ئێران ئەوپەڕی 15 ڕۆژی لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی ڕێککەوتنێک بکات بۆ کۆتاییهێنان بە چالاکییە تێکدەرەکانی. ئەم هۆشدارییەش لە کاتێکدایە کە ئەمەریکا بەردەوامە لە بنیاتنانی هێزی سەربازی لە ناوچەکەدا بۆ فشارخستنە سەر تاران بۆ قبوڵکردنی داواکارییەکانی ئەمەریکا.

پێشتریش لە وەڵامی پرسیارێکی دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بە پەیامی حکومەتی ئەمەریکا بۆ گەلی ئێران هاوکاتی چلەی هەزارن کەسی کە لە میانەی خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییەدا بەهۆی سەرکوتکردنەکانی هێزەکانی ڕژیمەوە کوژراون، کاربەدستێکی کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە " سەرۆک ترامپ هەمیشە لەگەڵ خەڵکی ئێراندا بووە، و بەردەوامیش دەبێت لەمە."

لە درێژەی پەیامەکەدا کاربەدەستەکە دەشڵێت سەرۆک هەڵوێستی خۆی بە ڕوونی سەبارەت بە بەکارهێنانی توندوتیژیی ڕێژیمی ئێران لە دژی هاووڵاتیانی خۆی ڕاگەیاندووە و ڕێژیمی ئێرانیش نابێت هیچ گومانێکی هەبێت لەوەی کە سەرۆک ترامپ پابەندە بەو قسانەی کە دەیڵێت.

پەیامە نوێیەکەی کۆشکی سپی هاوتەریبە لەگەڵ ئەو هەڵوێستەی کە دۆناڵد ترامپ و بەرپرسانی دیکەی ئەمەریکا چەندین جار بۆ پشتیوانی لە گەلی ئێران ڕایانگەیاندووە.

لە 12ی مانگی یەک تەنها پێنج ڕۆژ دوای دەستپێکردنی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان لە ئێران، سەرۆکی ئەمەریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث هۆشداری دا کە ئەگەر حکومەتی ئێران تەقە لە خۆپیشاندەرانی ئاشتیانە بکات و بە توندوتیژی بیانکوژێت – کە ئەمەش کارێکی ئاسایی ئەوانە – ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە پشتیوانیان لێدەکات.

دۆناڵد ترەمپ هەروەها لە ٥ی بانەمەڕ بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی “وەک ڕابردوو دەست بکات بە کوشتنی مرۆڤەکان، پێموایە ئەمریکا زۆر بە توندی لێیان دەدات”.