سێ ئەندازیاری سیلکۆن ڤاڵی تۆمەتبارن بە ناردنی زانیاری نهێنی بۆ ئێران

وەزارەتی دادی ئەمەریکا ڕایگەیاند، سێ ئەندازیاری سیلکۆن ڤاڵی، بە دزینی نهێنی بازرگانی لە کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆژیا و گواستنەوەی زانیارییە نهێنییەکان بۆ شوێنی بێ مۆڵەت، لەنێویاندا ئێران، تۆمەتبارکراون.

وەزارەتەکە ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، دەستەیەکی سوێندخۆرانی فیدراڵی سێ ئەندازیاری سیلکۆن ڤاڵیان، تۆمەتبار کردووە بە پیلانگێڕی بۆ دزینی نهێنی بازرگانی لە گووگڵ و کۆمپانیاکانی تری تەکنەلۆژیا. هەروەها دەستەکە تۆمەتباری کردن بە دزی و هەوڵی دزینی نهێنی بازرگانی، و ڕێگریکردن لە دادپەروەری.

سێ تۆمەتبارەکە بریتین لە سەمانێ غەندالی تەمەن 41 ساڵ، محەمەد خوسرەوی 40 ساڵ و سورور غەندالی 32 ساڵ. هەر سێ تۆمەتبارەکە خەڵکی شاری سان هۆزێی ویلایەتی کالیفۆرنیان و ڕۆژی پێنجشەممە دەستگیرکراون و لە دادگای فیدراڵی لە سان هۆزێی ئامادەبوون بۆ دانیشتنی سەرەتایی.

بەپێی سکاڵاکە، تۆمەتباران لە کۆمپانیا پێشەنگەکانی تەکنەلۆژیا لە پیشەسازی کۆمپیوتەری مۆبایلدا کاریان کردووە. سەمانێ غەندەلی و خوشکەکەی سورورغەندەلی پێشتر لە گووگڵ کاریان کردووە پێش ئەوەی بچنە کۆمپانیایەکی دیکە کە لە بەڵگەنامەکاندا بە کۆمپانیای 3 ناسراوە، خوسرەوی کە هاوسەری سەمانێ غەندەلییە لە کۆمپانیایەکی تەکنەلۆژیا بە ناوی کۆمپانیای 2 کاری کردووە.

وەک بەشێک لە پلانی گوایە دزینی نهێنی بازرگانی، تۆمەتباران کارەکانیان بەکارهێناوە بۆ بەدەستهێنانی زانیاری نهێنی و هەستیار. پاشان تۆمەتباران بەڵگەنامەی نهێنی و هەستیاریان گواستووەتەوە، لەوانەش نهێنی بازرگانی پەیوەست بە ئاسایشی پرۆسێسەر، کریپتۆگرافی و تەکنەلۆژیای دیکە، لە گووگڵ و کۆمپانیاکانی تری تەکنەلۆجیاوە بۆ لایەنی سێهەم، لەوانەش کەرەستەی کارکردنی پەیوەست بە خاوەنکارەکانیان و ئێران.

داواکاری گشتی کرایگ ئێچ میساکیان دەڵێت "وەک دەگوترێت کارەکانیان بەکارهێناوە بۆ دزینی نهێنی بازرگانی لە خاوەنکارەکانیان." گوتیشی "ئۆفیسەکەمان بەردەوام دەبێت لە پێشەنگایەتیکردن لە پاراستنی داهێنانەکانی ئەمەریکا و هەروەها هەر کەسێک کە تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی هەستیار بدزێت بۆ دەستکەوتی ناڕەوا یان بۆ بەرژەوەندیە ناڕەواکان یان بۆ بەرژەوەندی ئەو وڵاتانەی کە هەوڵی زیانگەیاندن بە ئێمە دەدەن، ئێمە ڕووبەڕووی دادگایان دەکەینەوە."

بڕیارە هەر سێ تۆمەتبارەکە ڕۆژی هەینی لە دادگای ناوخۆیی ئامادەبن و تیمی بەرگری خۆیان پێشکەش بکەن.