ئیسرائیل خزمەتگوزارییە خێراکانی ئامادەکردووە بۆ ئەگەری هێرشکردنە سەر ئێران

دەزگای ڕاگەیاندنی پەخشی گشتی ئیسرائیل دەڵێت هەڵسەنگاندنی دامەزراوە ئاسایشییەکانی وڵات بەرەو ئەوە دەچێت ئەگەری هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران بەهێزە، بۆیەش حکومەتی ئیسرائیل خزمەتگوزارییە خێراکانی وڵاتی ئامادەکردووە و داوایکردووە "لەوپەڕی ئامادەییدابن."

بەرپرسانی ئیسرائیل بە دەزگای پەخشی گشتی کانیان گوتووە، ئەگەری هەیە شەڕ "لە چەند ڕۆژێکدا" هەڵبگرسێت، بەهۆی ئەوەی گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران لە جنێف پێشوەچوونێکی ئەوتۆیان بەخۆە نەبینیوە.

هەروەها بە گوێرەی ڕۆژنامەی یەدیوس ئەهرۆنۆس، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، 'فەرماندەیی بەرەی ناوخۆی' حکومەتەکەی و دەزگاکانی فریاگوزاری ڕاسپاردووە خۆیان بۆ ئەگەری شەڕ لەگەڵ ئێران ئامادە بکەن.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "دۆخی ئەوپەڕی هۆشیاری لە سەرانسەری دەزگا ئەمنییە جیاوازەکانی ئیسرائیلدا ڕاگەێندراوە."

سەرچاوە هەواڵییەکانی شارەوانی ئۆرشەلیم ئاماژە دەکەن کە بەڕێوەبەرایەتی ئەو شارە دەستیکردووە بە گرتنەبەری هەنگاوی بێ وێنە بۆ ئامادەکردنی دانیشتوانی مەدەنی. هاوڵاتیان نامیلکەی زانیاری وردیان پێدەدرێت لەسەر ڕێکارەکانی فریاگوزاری، ڕێنمایی ڕزگارکردنی ژیان و لیستی هەموو ئەو پەناگە سەلامەتانەی کە لە شارەکەدا هەن.

شارەوانی ئۆرشەلیم گوتوویەتی نامیلکەی زانیاری نوێی ئامادەکردووە بۆ ماڵەکان کە زانیاری پێویستی تێدایە بۆ خۆپاراستن لە ئەگەری هێرشی مووشەکی و ڕێنماییەکان کاتێک ئاگادارکەرەوە دەنگییەکان (سارین) هەڵدەکرێن.

بە گوێرەی ڕاپۆرتە هەواڵییەکانی ئەمەریکا، وەزارەتی جەنگ بە سەرۆک ترامپی ڕاگەیاندووە هێزەکانی لە شەممەی داهاتووە ئامادەن بۆ هێرش.

ئامادەکارییەکان بۆ ئەگەری شەڕ لەکاتێکدان سەرۆک دۆناڵد ترامپ هەتا ئێستا شکستی ڕێڕەوی دیپلۆماسی ڕانەگەیاندووە و جەخت دەکاتەوە لەوەی باشترین هەلی داوە بە کۆماری ئیسلامی بۆ ڕێککەوتن.