دوابەدوای سەرکوتکردنی بەربڵاوی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران، حکومەتی ئەمەریکا خولێکی نوێی سنووردارکردنی ڤیزا بەسەر 18 کاربەدەستی ئێران و بنەماڵەکانیاندا دەسەپێنێت، ئەمەش بەهۆی ڕۆڵیان لە سنووردارکردنی ئازادی ڕادەربڕین بۆ خەڵکی ئێران.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کە ڕۆژی چوارشەممە 18ی مانگی دوو بڵاوکراوەتەوە، ئەم سنووردارکردنانە لەژێر دەسەڵاتی یاسای کۆچبەری و ڕەگەزنامەی ئەمەریکادا دەسەپێنرێن و سزاکان ئەندامانی پلە یەکی خێزانەکانی ئەو کەسانەش دەگرێتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە ئاماژەدان بە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان لە مانگی یەکی ئەمساڵدا کە تێیدا حکومەتی ئێران ئینتەرنێتی لە سەرانسەری وڵاتەکەدا داخست، هاتووە ئەم کارەی حکومەتی ئێران وایکرد ڕاپۆرتکردنی سەربەخۆی پێشێلکارییەکانی مافەکان بە توندی سنووردار بکرێن و خەڵکی ئێران لە جیهان داببڕین.
هەروەها ئەو ڕاگەیەندراوە جەخت لەوە دەکاتەوە کە حکومەتی ئێران بەردەوامە لە سنووردارکردنی توانای هاووڵاتیان بۆ بەکارهێنانی ئازادییە بنەڕەتییەکان و وەک سەرۆک ترامپ بە ڕوونی ئاماژەی پێکردووە، ئەمەریکا لەگەڵ خەڵکی ئێراندایە.
لەڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هاتووە کە تا ئێستا بە گشتی 58 کەس لە ژێر ئەم سیاسەتەدا کراونەتە ئامانج.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ناوی ئەو کەسانەی بڵاونەکردوەتەوە کە کەوتوونەتە ژێر ئەو سنووردارکردنانەی ڤیزا. وەک ستانداردی حکومەتی ئەمەریکا، زۆرجار وردەکارییەکانی حاڵەتەکانی ڤیزا نهێنی دەمێننەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاگەیەندراوەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردن لە مافی ئازادی ڕادەربڕینی خەڵکی ئێران و لە هەموو ئامرازە بەردەستەکان بۆ ئاشکراکردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و لێپرسینەوە لە بەرپرسانی حکومەتی ئێران و کەسانی دیکە کەڵک وەردەگرێت.