سەرۆک دۆناڵد ترامپ، ڕۆژی یەکشەممە لە تۆڕی تروث باسی لە تواناییەکانی دەستەی ئاشتی کرد بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان لە غەززە.
سەرۆک ترامپ ڕایگەیاند لە ڕۆژی 19ی ئەم مانگە لەگەڵ ئەندامانی دەستەی ئاشتی لە نێوەندی ئاشتی دانۆڵد جەی ترامپ لە واشنتن دی سی کۆدەبێتەوە و لەوێ ڕایدەگەیەنێت "وڵاتانی ئەندام بەڵێنی زیاتر لە 5 ملیار دۆلاریان داوە بۆ هەوڵەکانی مرۆیی و ئاوەدانکردنەوەی غەززە."
هەروەها دەشڵێت پابەندن بە تەرخانکردنی هەزاران کەس بۆ بەشداری کردن لە " هێزی سەقامگیری نێونەتەوەیی و پۆلیسی خۆجێهی بۆ بەردەوامی ئاسایش و ئاشتی بۆ خەڵکی غەززە."
سەرۆک ترامپ جەختیش لەوە دەکاتەوە "حەماس دەبێت پابەندبێت بە بەڵێنەکەی بۆ دەستبەجێ چەکداماڵینی تەواو."
گوتیشی "دەستەی ئاشتی دەیسەلمێنێت کە کاراترین دەستەی نێودەوڵەتیی دەبێت لە مێژوودا و شانازی دەکەم بەوەی سەرۆکایەتی دەکەم."
لە مانگی دەی ساڵی ڕابردوو ئەمەریکا ڕێککەوتنێکی ئاگربەستی ئەنجامدا و تیایدا شەڕی زیاتر لە دوو ساڵە ڕاگیرا.
لە مانگی ڕابردووشدا لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆسی سویسرا، بەڵێننامەی دامەزراندنی "دەستەی ئاشتی " بە ئامادەبوونی سەرۆک ترامپ و سەرکردە و نوێنەرانی ژمارەیەک وڵات واژۆ کرا.