دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی سڤیل لە کوردستانی ئێراندا بەردەوامە

ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤی کورد، کە سەرچاوەکانیان چالاکوانانی نێو ئێرانە، ڕایدەگەیەنن دەستگیرکردنی خەڵکی بە شێوەیەکی هەڕەمەکی لە کوردستانی ئێران لەلایەن ڕژێمی کۆماری ئیسلامییەوە بەردەوامە.

ڕێکخراوەکان ناوی زیاتری ئەو کەسانە بڵاو دەکەنەوە کە لە شار و گوندەکاندا دەستبەسەر کراون.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤ هەنگاو لە ڕاپۆرتە هەواڵییەکیدا لانی کەم حەوت هاووڵاتیی دیکەی کورد بە ناوەکانی جەمال عەبدوڵڵاهی، عەلی نەزەرزادە، ناسر یادیار، مووسا یادیار، حەمزە یادیار، هەژار ڕەحیمی و حەسەن چەمەنی لە شارەکانی میاندواو، ئاودانان و بۆکان لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.

هاوکات ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هاناش ڕادەگەیەنێت لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکردنە هەڕەمەکییەکان لە شاری شنۆ لە مانگی ڕابردووەوە حەوت کەس دەستبەسەرکراون.

ئەم ڕێکخراوانەی مافەکانی مرۆڤ ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن هیچ زانیارییەکیان نییە لەمەڕ، هۆکاری دەستبەسەرکردن و شوێنی ڕاگیرانی ئەم کەسانە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاگایی دەدات لە سەر چارەنووسی میلاد ئیبڕاهیمی، هاووڵاتی خەڵکی کامێران کە لە خۆپێشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم شارەدا بە دەستڕێژی هێزەکانی سوپای پاسداران بریندار بوو، و لە یەکی مانگی دووی ساڵی 2026ی زایینی لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەرکرا هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی دوو هەفتە لەمەوبەر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند ئەو هەزاران کەسەی بەهەڕەمەکی لە کاتی خۆپێشاندانە سەرانسەرییەکان لە ئێراندا دەستبەسەرکراون لە مەترسی توندوتیژی سێکسی، خراپ ڕەفتار لەگەڵکردن و دادگایی ناڕەوا و تەنانەت سزای مەرگدان.