پەرلەمانی ئەوروپا بە زۆرینەی دەنگ بڕیارێک دژ بە کۆماری ئیسلامی پەسەند دەکات

پەرلەمانی ئەوروپا لە بڕیارنامەیەکدا کە ڕۆژی پێنجشەممە پەسەندکرا، سەرکۆنەی پێشێلکارییە بەربڵاوەکانی مافی مرۆڤی لە ئێراندا دەکات لە ناویاندا "سەرکوتکردنی بەبەرنامە، بارودۆخی نامرۆڤانە و دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی."

بڕیارنامەکە کە ڕۆژی پێنجشەممە،12ی مانگی دوو پەسەند کرا، تێیدا ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا ڕەفتارەکانی کۆماری ئیسلامییان لەگەڵ خەڵکی ئێران، بە تایبەتی لە دژی چالاکوانانی مەدەنی، خۆپیشاندەران، ژنان و کەمینەکان سەرکۆنە کرد و هۆشدارییان دا قەبارەی توندوتیژییەکانی ئەم دواییە دەشێت بخرێتە چوارچێوەی تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتیەوە.

لە بڕیارنامەکەدا ئاماژە بەو هەواڵانە کراوە کە ژمارەی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە نزیکەی 35 هەزار کەسە و ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا داوایان کردووە هەموو ئەم تاوانانە وەک بەڵگە لەلایەن ئۆرگانەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە تۆمار بکرێت بۆ لێپێچینەوە نێودەوڵەتییەکان دژ بە ئەنجامدەران.

پەرلەمان هەروەها داوای ئازادکردنی دەستبەجێی ژنانی زیندانیکراوی کردووە لە نێویاندا نەرگس محەمەدی خاوەن خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و جەختی لەسەر پێویستی کۆتایی هێنان بە دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و ئەشکەنجەدانی هاووڵاتیان کردەوە.

ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا داوایان لە ئەنجومەن و کۆمیسیۆنی ئەوروپا کردووە سزای ئامانجدار لە دژی ئەنجامدەرانی سەرکوتکردنەکە فراوانتر بکەن و ستراتیژییەکی کۆنکرێت بۆ پشتیوانی لە بنەماڵەی زیندانییەکان و بەرەنگاربوونەوەی ڕێبازی کۆماری ئیسلامی بۆ بە بارمتە گرتنی خەڵک دابڕێژن.

هەروەها ڕۆڵی سوپای پاسداران کە یەکێتی ئەورووپا وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەستنیشانی کردووە، لە سەرکوتکردنەکەدا بە سەرەکی ناودێر کراوە.

ئەم بڕیارنامەیە بە 524 دەنگی ئەرینی بەرامبەر بە سێ دەنگی نەخێر پەسەندکرا پەسندکرا.

ڕۆبێرتا مێتسۆلا، سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا دوای پەسەندکردنی بڕیارنامەکە لە پەیامێکیدا لەسەر ئێکس، نووسی "پەیامێکی بەهێز، ڕوون و بێ چەواشەکاری لە پەرلەمانی ئەوروپا بۆ خەڵکی ئێران: ئێمە لەگەڵ ئێوەداین."

"ناوبراو لە درێژەی نووسینەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە "ئەمڕۆ پەرلەمانتارانی ئەرووپا بە زۆرینەی ڕەها دەنگیان دا بۆ کۆتایی هێنان بە توندوتیژییە دڕندەکانی ڕژێمی ئێران و ئازادکردنی هەموو زیندانیانی سیاسی. سزاکانی سەر ئەندامانی سوپای پاسدارانی تێرۆریست دەبێ بە تەواوی جێبەجێ بکرێن. بەبێ هیچ کەلێنێک، بەبێ هیچ بیانوویەک."

مێتسۆلا لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە "ئێران ئازاد دەبێت."