ترامپ دوای دیدار لەگەڵ نەتانیاهو: دانوستاندن لەگەڵ ئێران بەردەوام دەبێت؛ ڕێککەوتنمان پێباشترە، بەڵام بژاردەی تریش هەیە

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە،11ی مانگی دوو دیدارەکەی لەگەڵ بنیامین نەتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە واشنتن بە "زۆر باش" ناو برد ڕایگەیاند پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات وەک خۆی بە باشی دەمێنێتەوە.

ترامپ لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث نووسیویەتی هیچ بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی دیکە لە میانی دیدارەکەدا نەدراوە، جگە لە جەختکردنەوە لەسەر بەردەوامبوونی دانوستاندن لەگەڵ ئێراندا. ڕوونیشی کردەوە کە بە نەتانیاهوی وتووە پێی باشترە بەردەوام بێت لە دانوستاندنەکان لەگەڵ تاران بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا دەتوانرێت ڕێککەوتن بکرێت یان نا.

سەرۆکی ئەمەریکا وتیشی ئەگەر بتوانین بگەینە ڕێککەوتن، ئەوە بژاردەی پەسەندە لامان، ئەگەر نا، دەبێت بزانین دەرئەنجامەکەی چییە.

سەرۆک ترامپ بە ئاماژەدان بە قۆناغی پێشووی گرژییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی نووسیویەتی "ئێران لە ڕابردوودا نەیویست ڕێککەوتن بکات و بە ئۆپەراسیۆنی چەکوشی نیوەشەو کرایە ئامانج، کارێک کە زۆر باش تەواو نەبوو بۆ ئەوان" و هیواشی دەربڕی کە تاران ئەمجارە "عەقڵانیانەتر و بەرپرسیارانەتر" مامەڵە بکات.

سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها ڕایگەیاند کە لە کۆبوونەوەکەدا باس لە "پێشکەوتنی بەرچاو" کراوە لە غەززە و ناوچەکە بە گشتی و وتی "بەڕاستی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە".

بنیامین نەتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە لە سەفەرێکیدا بۆ واشنتن گەیشتە کۆشکی سپی و لەگەڵ دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا کۆبوویەوە بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی کۆماری ئیسلامی و دانوستانەکانی تاران و واشنتن.

میدیا نێودەوڵەتییەکان باس لەوە دەکەن کاروانی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە دەروازەیەکی لاوەکی کۆشکی سپییەوە چوونەتە ژوورێ و کۆبوونەوەی نێوان هەردوو سەرکردە بەبێ ئامادەبوونی میدیاکان بەرێوەچووە.

بەگوێرەی سەرچاوەکانی هەواڵ، ئەو کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە پێدەچێت خولی نوێی دانوستانەکانی پەیوەست بە بەرنامەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دوای دانوستانەکانی ئەم دواییە لە عومان درێژەی هەبێت و ئیسرائیل هەوڵ دەدات بۆچوون و نیگەرانییەکانی خۆی سەبارەت بە ئەگەری دەرئەنجامەکانی ئەم وتووێژانە لەگەڵ حکومەتی ئەمەریکا بخاتەڕوو.

وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەگەڵ مارکۆ ڕوبیو وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی کۆبووەتەوە و بە فەرمی ئەندامێتی خۆی بۆ "دەستەی باڵای ئاشتی" غەززە واژۆ کردووە.

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا شەوی سێشەممە لە دوو چاوپێکەوتنی جیادا سەبارەت بە دۆخی ئێران لەگەڵ میدیاکان قسەی کرد. ناوبراو هۆشداری دا لەوەی کە ئەمەریکا "هێزێکی زۆر قورس" دەگرێتەبەر ئەگەر دانوستانەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی شکست بهێنن، بەڵام جەختیشی لەوە کردەوە کە پێی باشترە بگەنە ڕێککەوتن.

ناتانیاهۆ پێش گەشتکردن بۆ ئەمەریکا وتی "من ئەو بنەمایانە دەخەمە بەردەم ترامپ کە گرنگن نەک تەنها بۆ ئیسرائیل بەڵکو بۆ هەر کەسێک کە ئاشتی و ئاسایشی دەوێت."

ناوبراو جەختی لەوە کردەوە "پێموایە ئەم بنەمایانە بۆ هەموو ئەو کەسانە گرنگن کە ئارەزووی ئاشتی و ئاسایش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەخوازن."