مایکڵ ڕوبن: تورکیا لەخۆبایی بووە بەڵام ناتوانێت ئەزمونی سوریا بۆ هەرێمی کوردستان بگوازێتەوە

چاودێرێکی ئەمەریکایی بۆ پرسی تورکیا و کورد پێیوایە حکومەتی تورکیا بەهۆی ئەم گۆڕانکارییە نوێیانەی لە سوریا ڕوویانداوە، توشی "لەخۆبایی بوون" هاتووە، بەڵام بەدووری دەزانێت حکومەتەکەی ئەردۆغان بتوانێت هەمان سیناریۆ لە هەرێمی کوردستان دووبارە بکاتەوە.

مایکڵ روبن، چاودێری باڵا لە پەیمانگای ئینتەرپڕایزی ئەمەریکایی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەم خۆبەزلزانینە بە ڕوونی هەستی پێدەکرێت، بەڵام گومانم هەیە لەوەی حکومەتی هەرێم پێویست بکات نیگەران بێت لە پێشهاتێک بە ئەندازەی قەبارەی ئەوەی تورکیا و بریکارەکانی لە سوریا کردیان؛ حکومەتی هەرێم بە ڕوونی زۆر دامەزراوەیی و دانپێدانراوە."

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، شەوی دووشەممە لە هەڤپەیڤینێکی کەناڵی سی ئین ئێن تورک سەبارەت بە هێرشەکان بۆ سەر هەسەدە رایگەیاند، "دوای سوریا، نۆرەی عێراقە."

هاکان فیدان هەروەها هانی حکومەتی ناوەندی عێراقی دا بە فراوانکردنی دەستەڵاتەکانی لە هەرێمی کوردستان و ئاماژەی بەوەش کرد کە تەنیا دوو بۆ سێ رۆژیان پێویستە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی سەربازییەوە کۆتایی بە دۆخی شنگال بهێنن، کە وەک خۆیان دەڵێت بووەتە مۆڵگەی پەکەکە، کە لە لیستی تیرۆری ئەمەریکاشدایە.

دەنگی ئەمەریکا لەسەر ئەم پرسە پەیوەندی بە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کرد. وتەبێژی حکومەتی هەرێم پێشەوا هەورامی ڕەتیکردەوە هەڵوێستی خۆی ڕابگەیەنێت، بە هۆی ئەوەی "لێدوانەکەی تورکیا ئاراستەی عێراق کراوە و دەبێت ئەوان وەڵام بدەنەوە."

ئەمڕۆ چوارشەممە، 11-2-2026، وەزارەتی دەرەوەی عێراق باڵیۆزی تورکیای لە بەغدا بانگهێشت کرد، وەک هەڵوێستێک دژی لێدوانەکەی وەزیری دەرەوەی تورکیا.

وەزارەتەکە لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، محەممەد حوسێن بەحرلعلوم، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، لە دیدارەکەیدا لەگەڵ ئەنیل بورا ئینان، باڵیۆزی تورکیا "نیگەرانی و نارەزایەتی" بەغدای گەیاندە باڵیۆزی تورکیا. بەحرلعلوم جەختی کردووەتەوە کە ئەم لێدوانانە "بەزاندنی نەریتە دیپلۆماسییەکانە" و وەک دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراق لێکدەدرێنەوە.

مایکڵ روبن پێیوایە حکومەتی تورکیا دەیەوێت سود لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان وەربگرێت بۆ ئەوەی زۆترین فراوانخوازی لە ناوچەکە ئەنجامبدات، بە تایبەت لە کاتێکدا سەرۆکی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ هەیە.

مایکڵ روبن ڕایگەیاند، "ئەنقەرە ئێستا سواری بەرزە، چونکە پێی وایە تورکیا هەموو شتێکی بۆ دەچێتە سەر بەو پێیەی ترامپ زۆر ڕێز لە ئامۆژگارییەکانی سەرۆک ئەردۆغان دەگرێت."

پێشبینی دەکات " لە ماوەی سێ ساڵی داهاتوودا خۆنمایشکردنی ئەردۆغان بە داڕمانەوە کۆتایی دێت."

چاودێرەکەی پەیمانگای ئینتەرپڕایزی ئەمەریکایی پێیوایە ئێستا کات لە بەرژەوەندی کورد نییە، بەڵام پێویستە لایەنە کوردییەکان بە ڕوونی داخوازییەکانی خۆیان بە وڵاتانی تر بگەیەنن.

دەشڵێت، "ئایا داواکاری ئازادییە بۆ ئۆجەلان و دەمیرتاش؟ دەبێت داوای دیموکراسی بکرێت نەک تەنها لە ڕۆژهەڵات، بەڵکو لە سەرتاسەری تورکیا."

بۆ بەهێزکردنی چانسی سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە، مایکڵ روبن دەڵێت پێویستە لە تورکیا دەسەڵاتەکان بۆ شارەوانی و پارێزگاکان درێژبکرێنەوە.

هەروەها بە گرنگی دەزانێت کورد هەوڵبدات بە تەنها مل نەداتە بەر پرۆسەی ئاشتی، بەڵکو هەموو ئەورووپا لەو پرۆسەیە پاڵپشت بێت بۆ سەرکەوتنی.