وەزیرێکی پێشووی ئیسرائیل: ئیسرائیل پشتیوانی لە کورد و دروزەکان لە سوریا دەکات

ئەیوب قەرە- وەزیری پێشووی ڕاگەیاندنی ئیسرائیل

وەزیرێکی پێشووی ئیسرائیل دەڵێت، داوایان لە بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کردووە، داواکارییەکانی کورد و دروزەکان لە دیدارەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا بخاتەڕوو.

ئەیوب قەرا، وەزیری پێشووی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئیسرائیل بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ئێمە جەختمان لەوە کردووەتەوە کە ئەم داواکاریانە لە کۆبوونەوەی نێوان نەتەنیاهۆ و ترامپدا باس بکرێن.

نەتەنیاهۆ ئەمڕۆ چوارشەممە لە واشنتن لەگەڵ دۆناڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری ئەمەریکا کۆبووەوە. بەپێی زانیارییەکان، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە بریتییە لە بابەتی ئێران، ئاشتی لە غەززە و پرسەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

وتیشی "داوا لە سەرۆک ترامپ و سەرۆک وەزیران نەتەنیاهۆ دەکەم لە کاتی کۆبوونەوەکەدا گرنگی بە مافەکانی دروز و کورد و هەموو گروپەکانی سوریا بدەن."

قەرە کە ماوەیەکی زۆر ئەندامی کنشتی ئیسرائیل بوو، پێی وایە حکومەتی نوێی سوریا پاشخانێکی ڕادیکاڵی هەیە و ئەگەر داعش سەرهەڵبداتەوە ڕەنگە ئەمە ڕووبدات.

ئەو سیاسەتمەدارە دروز-ئیسرائیلییە دەڵێ، لەبەرئەوەی بزووتنەوەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جیاوازە و ئەزموونی خراپی زۆر هەیە، بەتایبەتی لە عێراق و ئەفغانستان و لە سەردەمی بەهاری عەرەبیدا، نابێت ئەو ئەزموونە خراپانە لە سوریا دووبارە بکرێنەوە.

دەشڵێت "کورد پێکهاتەیەکی گرنگە، دەبێت دەوڵەتی خۆی هەبێت، دروزیش دەبێت دەوڵەتی خۆی هەبێت و پارێزراو بێت".

قەرە جەخت لە پاراستن و پشتیوانی کورد و دروز لە سوریا دەکاتەوە و دەڵێت "چەند ڕۆژێک پێش ئێستا لە ئەمەریکا بووم، داوام لە کۆنگرێس و ئەنجومەنی پیران و زۆرێک لە کەسایەتییەکان لەسەر ئاستی ئەندامانی کۆنگرێس و ئەندامانی ئەنجومەنی پیران کرد کە کورد و دروز بە شێوەیەکی یاسایی لەلایەن ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە بپارێزرێن".

قەرە گوتیشی "نادادپەروەرییەکی گەورەیە، کورد هێشتا نەبووەتە دەوڵەت و لە ناوچەکەدا ڕووبەڕووی ئەم ڕادیکالیزمە ئایینییە دەبێتەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هەڵمەتەی لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) و مەزلوم عەبدی فەرماندەکەیان ئەنجامدراوە هەڵە بووە، "پێشتر لەدژی دروز و عەلەوییەکان ئەنجامدراوە، تەنانەت دژی سوننە عەلمانییەکانیش، گروپە چەکدارەکانی سوریا هەموو ئەو لایەنانە وەک دوژمن دەبینن و لەدژی ئەوان دەوەستنەوە".

جێی باسە ئەمەریکا و نێردەی واشنتن بۆ کاروباری سوریا، تۆم باراک ڕۆڵێکی بەرچاویان گێڕا لە دانوستاندنەکانی نێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکراتیک کە لە ئەنجامدا بووە هۆی ڕێککەوتنی 30ی مانگی یەکی نێوان هەردوولا.