سەرۆک دۆناڵد ترامپ بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆشکی سپی پێشوازی لە بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بکات، لە کاتێکدا هەردوو هاوپەیمان بیر لە چۆنیەتی وەڵامدانەوەی هەڕەشەکانی ڕژێمی ئێران، نەیاری هاوبەشدیان، دەکەنەوە.
لەوەتای سەرۆک ترامپ ساڵێک لەمەوبەر گەڕایەوە سەر پۆستەکەی وەکو سەرۆکی ئەمەریکا، ئەمە شەشهەم جارە میواندارێتی سەرۆکی ئیسرائیل بکات لە ئەمەریکا.
ئێوارەی سێشەممە نەتانیاهۆ لە بلێر هاوس کە تەنیشت کۆشکی سپییە، چاوی بە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترامپ و جارێد کوشنەر، ڕاوێژکاری ترامپ کەوت. لە پۆستێکی ئێکسدا وێنەیەکی دیدارەکەی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە، ویتکۆف و کوشنەر زانیاری نوێیان سەبارەت بە خولی یەکەمی دانوستانە ناڕاستەوخۆکان کە هەینی ڕابردوو لەگەڵ ڕێژیمی ئێران لە عومان ئەنجامیاندا، پێشکەشی لایەنی ئیسرائیلی کردووە.
پێش ئەوەی ڕۆژی سێشەممە ئیسرائیل بەجێبهێڵێت، نەتانیاهۆ بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە، لە میانیت دیدارەکەیدا لەگەڵ سەرۆک ترامپ هەڵوێستی سەبارەت بە چۆنیەتی دڵنیابوون لە دانوستانەکانی ئەمەریکا و ئێران کە ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکەدا بەرەوپێش دەبات دەخاتە ڕوو.