ڕێکخراوێکی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەستگیرکردنی عەباس عەراقچی دەدات بە تۆمەتی 'تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی'

هیڵێڵ نۆیەر، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند بەپێی ئەو لیستەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاوی کردووەتەوە، بڕیارە عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی 23ی مانگی دوو لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ وتاری هەبێت. کۆبوونەوەیەک کە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان تێیدا بەشداری دەکات.

نۆیەر لە پەیامەکەیدا بۆ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، نووسیویەتی "ئەگەر ئەم بکوژە لە لیستی وتاربێژان دەرنەهێنن، ئەوا داوا لە پۆلیسی سویسرا دەکەین بە تۆمەتی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی دەستگیری بکەن

نۆیەر پێشتریش لە پەیامێکدا لەبەردەم کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس، هۆشداری دابووە کە ئەگەر عەباس عەراقچی بەشداری کۆبوونەوەکە بکات، سکاڵای تاوانکاری لە سویسرا لە دژی تۆمار دەکرێت.

لەو کاتەدا نۆیەر نووسیبووی کە ئەگەر وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی پێ بخاتە داڤۆسەوە، دۆسیەیەکی یاسایی لە لایەن دادستانی سویسرا لە دژی تۆمار دەکرێت.

لە کۆتاییشدا کۆڕبەندی ئابووری جیهانی بانگهێشتی عەراقچی بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی داڤۆس هەڵوەشاندەوە.

دواتر وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی هەڵوەشاندنەوەی بانگهێشتنامەکەی لە هەژماری ئێکس سۆشیال میدیای خۆی بە دەرئەنجامی "گوشاری سیاسی ئیسرائیل و لایەنگرانی" ناودێر کرد.

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە دوابەدوای سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی ئێران، ڕێکخراو و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ بە توندی ڕەخنەیان لە سەرکوتی خوێناویی ناڕازییان لە لایەن هێزەکانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی گرتووە.