کۆماری ئیسلامی هەڵمەتێکی ناوزڕاندنی مۆرا نامدار و باوکی بە تۆمەتەکانی وەک جوداخوازی، بەڕێوەدەبات

ڕۆژنامەی واشنتن فری بەیکن لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە، ڕێژیمی ئێران هەڵمەتێکی ڕێکخراوی پڕوپاگەندەی ساختە دژ بە مۆرا نامدار، بەڕێوە دەبات. نامدار باڵاترین بەرپرسی ئەمەریکایی بە ڕەچەڵەک ئێرانیە لە بەڕێوبەرایەتی ترامپ.

بە پێی ئەو ڕاپۆرتە هەڵمەتەکە بۆ بەهەڵەدابردنی ڕای گشتی لەسەر ئەو بەرپرسەی ئەمەریکا و دروستکردنی دووبەرەکی لە نێوان نەیارانی ڕێژیمی ئێرانە.

لەو ڕاپۆرتەی کە لەم هەفتەیەدا بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە دەزگا ئیتلاعاتییەکانی ئێران هەژماری ساختە بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی مۆرا نامدار وەک "سیخوڕی ئێران" و "نەیاری ناڕەزایەتییەکان" پیشان بدەن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە هێرشە ئۆنلاینەکان لە کۆتایی ساڵی ڕابردوووە لە چەند ئەکاونتێکی بچووک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکسەوە دەستیپێکردووە. کەمپەینەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئێکس و ئینستاگرام چڕتر بووەوە، ئەمەش دوای ئەوەی پلەی ناوبراو لە حکومەتی ئەمەریکا بەرزکرایەوە بۆ پۆستی یاریدەدەری وەزیر لە کاروباری کونسوڵگەری، پۆستێک کە دەسەڵاتی ئەوە پێدەدات ڤیزای ئەمەریکا بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕێژیمی ئێران سنووردار بکات.

بەرپرسێکی باڵای بەڕێوبەرایەتی ترامپ ڕایگەیاندووە "ئەم ئۆپەراسیۆنە هەموو نیشانەکانی شەڕی دەروونی سوپای پاسداران پێوە دیارە و ئامانجیان ڕوونە و ئەویش ناوزڕاندنی نامدار و دوورخستنەوەیەتی لە ناوەندی بڕیاردان."

بە پێی ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەی واشنتن فری بەیکن، هێرشەکان له ژێر چاودێری فەرمی کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوەدەچێت و هەوڵ دەدەن مۆرا نامدار و بەرپرسانی دیکەش وەک کەسانی سەر بە کۆماری ئیسلامی و دوژمنی ڕەزا پەهلەوی و جودایخواز نیشان بدەن.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە ئاگاداری ئەو هەڵمەتەن. پێداچوونەوە تەکنیکیەکان و ئامرازەکانی بەدواداچوونی شوێنی بەکارهێنەران دەریانخستووە تۆڕێکی بەرفراوان لە ئەکاونتی ساختە لەژێر ناوی "نەیارانی ڕژێم" یان لایەنگری کوڕی شای پێشووی ئێران، لەلایەن هێزەکانی سایبری سەر بە کۆماری ئیسلامی لەناوخۆی ئێرانەوە بەڕێوەدەبرێن.

ڕاپۆرتەکە دەشڵێت سەرچاوە ئاگادارەکان ئەوەشیان ئاشکرا کردووە هەڵمەتەکە تەنیا لە کایەی سیاسیدا سنووردار نییە و بریکارەکانی ڕژێمیش باوکی خاتوو نامداریان کردۆتە ئامانج و هەڕەشەی ڕێکخراویان لە سەر بنەماڵەکەی کردووە. کاربەدەستانی ئەمنی ئەمەریکا جەختیان لەوە کردووەتەوە ئەم هێرشانە هیچ بنەمایەکیان لە واقیعدا نییە و پیشینەی خاتوو نامدار لە دژی ڕێژیم و پشتیوانی لە خەڵکی ئێران ڕوون و ئاشکرایە.