هەوڵەکان بۆ وروژاندنی پرسی کورد لە کۆبوونەوەی ناتانیاهۆ و ترامپ

یەهودا بن یوسف، سەرۆکی ڕێکخراوی کۆمەڵی جووی کورد لە ئیسرائیل، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لە هەژماری خۆی پەیامێک بۆ پشتیوانی کورد بڵاو دەکاتەوە و دەڵێت "کاتێک خەڵکی سڤیل دەکوژرێن، کاتێک کورد دەچەوسێنرێتەوە،جیهان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ بێدەنگە؟"

یەهودا داوا لە حکومەتی ئیسرائیل دەکات و دەڵێت "ئەمە تەنها قسە و لێدوان نییە، ئەمە بانگەواز و هۆشدارییە. ئیسرائیل دەبێت بە دەنگێکی بەرز و بە هەڵویست و کردارێکی ئەخلاقی و سیاسی یەکلاکەرەوە هەنگاو بۆ یارمەتیدانی کورد هەڵگرێت."

هاوکات ئەکرەم حەسون ئەندامی پارلەمانی ئیسرائیلیش پشتیوانی لە کورد دەکات و دەڵێت "پێش سەردانەکەی نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ ئەمەریکا، داوامان لێکرد پرسی کورد بخاتە بەردەم سەرۆک ترامپ و تاوتوێی ئەو پێشێلکارییانە بکات کە حکومەتی سوریا دژی کورد ئەنجامی دەدات".

لە ئیسرائیل کوردە جووەکان بەشێوەیەکی چالاکانە بەشدارن لە پاڵپشتیکردنی کورد، بەتایبەتی دوای خراپتربوونی دۆخی کورد لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.

ئەو ئەندام پارلەمانەی ئیسرائیل لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی "بەردەوام دەبم لە پاڵپشتیکردنی برا بەڕێزە کوردەکانم و دەنگیان دەگەیەنمە بنکەکانی بڕیاردان."

حەسون دەڵێت هەموو هەفتەیەک پێشوازی لە شاندێکی کورد دەکات بۆ نووسینگەکەی لە پەرلەمانی ئیسرائیل و لەگەڵیان کۆدەبێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ماف و پاراستنیان.

حەسون هەروەها ستایشی کورد دەکات وەک گروپێکی ئاشتیخواز لە ناوچەکەدا و دەڵێت "هەمیشە لە پاڵ گروپ و کەمینەکانی تردا وەستاون کە لەلایەن جیهادییەکان و توندڕەوەکانەوە چەوسێنراونەتەوە."

یوسف زاکین، کەسایەتی کوردی جوو لە ئۆرشەلیم و چالاکوانێکی کۆمەڵگەی کوردەکان لە ئیسرائیل، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هەموو هەفتەیەک بۆنەی ناوخۆییمان بۆ پشتیوانی لە کورد بە گشتی و بەتایبەتی لەسەر بارودۆخی ئێستای ڕۆژئاوا هەیە."

زاکین باسی لەوەشکرد پشتیوانییەکان بۆ کورد لە ئیسرائیل بەردەوامە، لەوانە وەک خۆپیشاندان، نامەی پشتیوانی و بەیاننامەی سەرکۆنەکردن و هەروەها ڕووداوە کولتوورییەکان کە بەرگری لە بەها و بیروباوەڕی کورد دەکەن.

یەهودا بن یوسف لە بەشێکی پەیامەکەیدا لەسەر ئێکس ڕایگەیاندووە "وەک سەرۆکی کۆمەڵگەی کوردەکان لە ئیسرائیل و وەک لایەنگرێکی کوردستان، بەردەوامم لە هەوڵدان بۆ کۆکردنەوەی دەنگی ئەندام پەرلەمانەکانی ئیسرائیل و حکومەتی ئیسرائیل بۆ بەشداری چالاکانە لە پرسەکانی سوریا و ئێراندا بۆ ئەوەی کورد لەو شوێنانە پارێزراو بێت."

یەهودا دەڵێت "من باوەڕم وایە ئەم بابەتە لەبەردەم سەرۆک ترامپیش بخرێتە بەرباس، وەک داوام لە نەتانیاهۆ کردووە ئەو کارە بکات."

شایانی باسە کە ژمارەیەکی زۆر لە کوردی جوو لە ئیسرائیل دەژین و لە قۆناغە مێژووییە جیاوازەکاندا لە ناوچە کوردییەکانی تورکیا و سوریا و عێراق و ئێرانەوە بە هۆی زوڵم و چەوسانەوەی ڕژێمەکانی ئەو وڵاتانەوە، کۆچیان کردووە بۆ ئیسرائیل.