گراهام بۆ تورکیا و وڵاتانی ناوچەکە: پشتیوانی لە مانەوەی کۆماری ئیسلامی خیانەتە لە خەڵکی ئێران

سیناتۆری کۆماری، لینزی گراهام، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕەخنە لە هەڵوێستی هاوپەیمانە ناوچەییەکانی ئەمەریکا، لەوانە تورکیا، قەتەر و میسر دەگرێت و دەڵێت، "ئەگەر دوای ئەو هەموو خۆڕاگری و ناڕەزایەتییەی خەڵکی ئێران، تەنانەت بۆ ساتێکیش پێتان وابێت کە هێشتنەوەی ئایەتوڵا و ڕژێمە بکوژەکەی لە دەسەڵاتدا بیرۆکەیەکی باشە، ئەوا ئێوە لە خەیاڵ-پڵاویدا دەژین."

گراهام لە درێژەی نووسینەکەیدا دەڵێت، "ئێستا کاتی ئەوە هاتووە ناوچەکە بوێرانە و یەکگرتووانە دژی ئایەتوڵا بکوژەکە بوەستێتەوە کە خەڵکەکەی خۆی کۆمەڵکوژ دەکات و نازییەکی ئاینییە."


ئەو سیناتۆرە کۆمارییە پەیامێکی ڕاستەوخۆ ئاراستەی تورکیا، قەتەر و میسر دەکات و دەڵێت، "خواستی ئێوە بۆ پاراستنی دۆخی ئێستا و پشتگوێخستنی داواکارییە دادپەروەرەکانی خەڵکی ئێران بە بڕوای من بە تەواوی لە دەرەوەی چوارچێوەی بەرژەوەندییە ئەمنییە نیشتیمانییەکانی ئەمەریکایە، هەروەها لەگەڵ سەرەتاییترین پێوەر و ڕەوشتی مرۆیی ناتەبایە."

گراهام بە ئاماژەدان بە لێدوانەکانی پێشووی سەرۆک ترامپ بۆ پشتیوانی لە خۆپیشاندەرانی ئێران کە ڕایگەیاندبوو "بەردەوام بن لە ناڕەزایەتی دەربڕین، هاوکاری لە ڕێگادایە" نووسیویەتی "ئەو [سەرۆک ترامپ] لەلای ڕاستی مێژوودا دەوەستێت. باوەڕم وایە پیاوی کردارە و تەنها قسە ناکات."

ئەو سیناتۆرە کۆمارییەی نزیک لە سەرۆک ترامپ لە پەیامەکەی خۆیدا لێدوانەکانی ئەم دواییەی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیای، سەبارەت بە ئێران بڵاوکردووەتەوە.

وەزیری دەرەوەی تورکیا لە چاوپێکەوتنێکدا ڕۆژی دووشەممە لەگەڵ سی ئێن ئێن تورک بە درێژی باسی ئێرانی کرد و گەشبینی خۆی دەربڕی سەبارەت بە دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتن و جەختی لەوە کردەوە ناوچەکە بەرگەی شەڕێکی دیکە ناگرێت و وتی "سەرۆک ئەردۆغان لە نزیکەوە چاودێری ئەم بابەتە دەکات و هەموو هەوڵەکانمان بۆ ڕێگرییە لە ململانێی سەربازی."

فیدان لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکان و داواکارییەکانیان بۆ گۆڕینی ڕژێم، وتی بە بۆچوونی ئەو حکومەت لە ئێران بە هێرشی ئاسمانی ناڕووخێت، بەڵکو تەنیا سیستەمەکە لاواز دەکات و ڕەنگە وابکات چیتر نەتوانێت ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات و ئەم لاوازییەش حکومەت ناچار دەکات گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە ڕێڕەوی خۆیدا بکات.