هاوکات لەگەڵ دانوستانەکانی مەسقەت، نەتانیاهۆ هەڵوێستەکانی ئیسرائیل سەبارەت بە ئێران دەگەیەنێتە سەرۆک ترامپ

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە پێش ئەوەی بەرەو ئەمەریکا بەڕێبکەوێت بۆ دیدار لەگەڵ دۆناڵد ترامپ، ڕایگەیاند لەم سەفەرەدا بۆچوونەکانی خۆی سەبارەت بە "هەڵوێستەکانی" ئیسرائیل لەبارەی دانوستانەکانی ئەمەریکا و ئێران بۆ سەرۆکی ئەمەریکا دەخاتە ڕوو.

ئەمە حەوتەمین گەشتی بنیامین نەتانیاهۆیە لە دوای سەرکەوتنی ترامپ لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا. گەشتەکەی هاوکاتە لەگەڵ دانوستانەکانی تاران و واشنتن لە شاری مەسقەت کە خولی یەکەمی بە نێوەندگیری عومان بەڕێوەچووە.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پێش سواربوونی بۆ فڕۆکەکە، لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند لەم گەشتەدا پێش ئەوەی باس لە پرسەکانی وەک غەززە و ناوچەکە بکات، لەگەڵ ترامپ گفتوگۆ لەسەر دانوستانەکانی ئێران و ئەمەریکا لە عومان دەکات.


ئاماژەی بەوەشکرد ئەو هەڵوێستانەی کە بڕیارە لەگەڵ سەرۆک ترامپدا باسیان بکات، "نەک تەنها بۆ ئیسرائیل گرنگە، بەڵکو بۆ هەموو ئەو کەسانەی جیهان کە ئارەزووی ئاشتی و ئاسایش دەکەن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گرنگن."

سەردانەکەی نەتانیاهۆ بۆ ئەەمریکا لە کاتێکدایە کە عەلی لاریجانی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیش گەشتێکی بۆ عومان کردووە و بڕیارە دوای ئەوە گەشت بکات بۆ قەتەریش.

میدیاکانی ئێران دانوستانەکانی لەگەڵ سوڵتانی عومان بە ئەرێنی و بنیاتنەر ناودێر دەکەن. بەڵام هیچ وردەکارییەک لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بۆ میدیاکان بڵاونەکرایەوە، بەڵام قسە و باس لەوە دەکرێت کە ڕەنگە لاریجانی پەیامی فەرمی ئێران سەبارەت بە خولی یەکەمی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکای پێبێت.