چالاکوانانی ڕیفۆرمخواز لە ئێران بە هۆی ڕەخنەگرتن لە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی دەستبەسەر دەکرێن

لە ڕاستەوە: موحسین ئەمینزادە، ئازەر مەنسوری و ئیبراهیم ئەسغەرزادە

سەرچاوەکانی هەواڵ لە ئێران باس لە دەستگیرکردنی کەسایەتی و چالاکوانانی سیاسی ڕیفۆرمخوازی ئەو وڵاتە دەکەن کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەیاننامەیەکیان واژۆ کردبوو کە تیایدا ڕەخنەیان لە عەلی خامنەیی گرتبوو یان دژایەتی خۆیان بۆ کوشتنی خۆپیشاندەران دەربڕیبوو.

ئاژانسی هەواڵی فارسی سەر بە سوپای پاسداران دەستبەسەرکردنی چەند لەو کەسانە، لەوانەش ئازەر مەنسوری، ئیبراهیم ئەسغەرزادە و موحسین ئەمینزادەی پشتڕاست کردووەتەوە و نووسیویەتی ئەو کەسانە لە لایەن دامەزراوە ئەمنی و قەزاییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

سەرچاوەکانی نزیک لە باڵی ڕیفۆرمخوازی ئێران پێشتر باسیان لەوە کردبوو کە ئازەر مەنسوری سەرۆکی بەرەی چاکسازی لەگەڵ ژمارەیەک لە چالاکوانانی دیکەی سیاسی بەنیازبوون بەیاننامەیەک دەربکەن کە تیایدا ڕەخنە لە خامنەیی بگرن، بەڵام بەهۆی گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکانەوە ڕێگرییان لێکراوە لە دەرکردنی ئەو بەیاننامەیە.

بە پێی ڕەشنووسی بەیاننامەکە، بەرەی چاکسازی داوای دەستلەکارکێشانەوەی عەلی خامنەییان کردووە بۆ کۆتایی هێنان بە دۆخی ئێستا و پێشنیاریان کردووە ئەنجومەنێکی ڕاگوزەر بەرپرسیارێتی بەڕێوەبردنی وڵاتەکە بگرێتە ئەستۆ بۆ ئەوەی زەمینەسازی بۆ گۆڕانکاری لە پێکهاتەی سیاسیدا ئامادە بکات.

ئەم پێشهاتانە لە دۆخێکدا ڕوودەدەن کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەکی دیکەی خەڵکی نزیک لە ڕێفورمخوازەکانیان دەستگیرکردبوو، ئەمەش دوای ئەوەی 17 کەس بیاننامەیەکیان واژۆ کردبوو و تیایدا عەلی خامنەیی و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیان بە کۆسپ و بەربەستی سەرەکی بۆ ڕزگاری ئێران لە قەیرانی ئێستا ناوبردبوو.

هەروەها لەو نامەیەدا ڕێبەری کۆماری ئیسلامییان بە بەرپرسیار زانیبوو لە کوشتنی خۆپیشاندەران و تیایدا سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانیان بە "تاوانێکی دەوڵەتی ڕێکخراو دژی مرۆڤایەتی" نادێر کردبوو.