نەرگس محەمەدی براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی جارێکتر لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای بە حەوت ساڵ و نیو زیندانیکردن و قەدەغەکردنی بۆ چوونەدەرەوەی وڵات، بەسەردا دەسەپێندرێت.
مستەفا نیلی، پارێزەری محەمەدی لە تۆڕی ئێکس سەرەڕای ڕاگەیاندنی هەواڵەکە، نووسیویەتی نەرگس محەمەدی بە تۆمەتی گردبوونەوە و هاوکاریکردن دژی ئاسایشی نیشتمانی بە شەش ساڵ زیندانیکردن و بە تاوانی چالاکی پڕوپاگەندەی دژ بە حکومەتیش سزای ساڵ و نیوێک زیندانیکردن بەسەریدا سەپێندراوە.جگە لەم سزایانەش قەدەغەکردنی چوونەدەرەوەی لە وڵات بۆ ماوەی دوو ساڵ بەسەردا سەپێندراوە.
سەپاندنی سزای نوێ بەسەر نەرگس محەمەدی لەکاتێکدایە کە ڕاپۆرتەکان باس لە ڕەوشی خراپی تەندروستی ناوبراو دەکەن و لەئێستاشدا گوازراوەتەوە بۆ زیندانی ئەمنی وەزارەتی ئیتلاعات لە مەشهەد.
دامەزراوەی نەرگس لە ڕاگەیەندراوێکدا سزاکەی سەر محەمەدی سەرکۆنە دەکات و هۆشداری داوە کە بەردەوامی فشارەکان و خراپی باری تەندروستی ناوبراو، ژیانی ئەو زیندانییە سیاسییەی بە شێوەیەکی ڕژد خستوەتە مەترسییەوە وهەروەها داوای کردوە دەستبەجێ لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە هەنگاو بنرێت بۆ ڕاگرتنی ئەم پرۆسەیە و ئازادکردنی دەستبەجێی ئەو زیندانییە و زیندانیانی سیاسی دیکە.